لە غەززە قەیرانی ئاو و کارەساتی مرۆیی قووڵتر دەبێتەوە
لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ۱۲ فەلەستینی گیانیان لەدەستدا، لە سەرەتای جەنگەوەواتە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا ژمارەی کوژراوان گەیشتە ٧٣ هەزار و ٢٩٣ کەس. بە ملیۆنان کەس ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت و دژەمرۆیی بونەتەوە
ناوەندی هەواڵ
لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە ۱۲ فەلەستینی گیانیان لەدەستدا. ئەم هێرشانە لە کاتێکدا دەکرێن کە بەهۆی جەنگەکەوە، قەیرانی مرۆیی قووڵتر بووەتەوە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو داڕمان دەچن.
دەستەی بەرگریی شارستانی ڕایگەیاند کە شەش ئەندامی هەمان خێزان لە هێرشێکی ڕۆژی سێشەممەدا بۆ سەر مالەکەیان لە باشووری شارۆچکەی غەززە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە لە نێوان ئەو تەرمانەی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی شیفا، چواریان منداڵ بوون.
لە هێرشێکدا بۆ سەر شارۆچکەی زەهرا لە ناوەڕاستی غەززە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. لە هێرشێکی دیکەی جیاوازدا بۆ سەر باڵەخانەیەک لە نزیک نەخۆشخانەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ناوچەی سەمیری ناوەڕاستی شارەکە، چوار فەلەستینی گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە تۆمەتبارکردنی یەکتری بە پێشێلکردنی ئاگربەست بەردەوامە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدەستهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی سەرکەوتوو نەبوون.
ژمارەی کوژراوان گەیشتە ٧٣ هەزار و ٢٩٣ کەس
وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە ٧٣ هەزار و ٢٩٣ کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ١٧٣ هەزار و ٩٠٦ کەس. وەزارەتەکە هەروەها ڕایگەیاند کە لە کاتی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵاوە تا ئێستا ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە هەزار و ١٦٨ کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ٣ هەزار و ٧٩٨ کەس.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە زۆر کەس هێشتا لە ژێر داروپەردوو یان لەسەر ڕێگاکان گیریان خواردووە و تیمەکانی ئەمبوڵانس و بەرگریی شارستانی بەهۆی بارودۆخی ئاسایشەوە ناتوانن بگەنە دەستیان. ئاماژە بەوەش دراوە کە زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵن و هێرشەکان ننزیکەی ۹۰٪ی ژێرخانی غەززەیان وێران کردووە.
وەزارەتەکە دیاریشی کرد کە ئیسرائیل ڕێگری لە هاتنەژوورەوەی خۆراک، دەرمان، پێداویستیی پزیشکی، ئامێرەکانی پەناگە و خانوو پێشبڕستەکان دەکات. جەختیش کرایەوە کە لە غەززە کە ننزیکەی ٢.٤ ملیۆن فەلەستینی لێ دەژین و ١.٥ ملیۆن لەوانیش ئاوارەن، بارودۆخەکە ڕۆژ بە ڕۆژ سەختتر دەبێت و بە هەمان شێوە بەردەوامە.
کەمیی ئاو مەترسیی نەخۆشییە گوازراوەکان زیاتر دەکات
بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی ملیۆنێک کەس لە غەززە ڕۆژانە دەستیان بە کەمتر لە شەش لیتر ئاوی پاک دەگات. ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور (MSF) دیاری کرد کە ڕێژەی ناوەندیی بەکارهێنانی ڕۆژانەی ئاو بۆ هەر کەسێک بۆ ٤.٣ لیتر دابەزیوە، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە پێش جەنگ ٨٥ لیتر بووە.
بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) ڕایگەیاند کە تەنکەرەکانی ئاو بەهۆی وێرانبوونی ڕێگەوبان و پاشماوەکانەوە لە گەیشتن بە ناوچەکانی نیشتەجێبوون تووشی زەحمەتیی گەورە دەبنەوە و جەختیشی کردەوە کە نەبوونی ئاوی پاک مەترسیی نەخۆشییە گوازراوەکان زیاتر دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، ٤٦٪ی خەڵک بەهۆی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدانەوە سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە، لەوانەش ٣١٪یان بەهۆی نەخۆشییەکانی پێست و ٢١٪یشیان بەهۆی سکچوونی توندەوە بووە.
سەرەڕای ئەوەی چەند مانگ بەسەر ئاگربەستدا تێپەڕیوە، بۆ سەدان هەزار کەس تەنکەرەکانی ئاو سەرچاوەی سەرەکیی ئاون. بەڵام ڕێکخراوە مرۆییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەمە تەنیا چارەسەرێکی کاتییە و شوێنی تۆڕی گشتیی ئاو ناگرێتەوە. خەڵک لەو شوێنانەی تەنکەرەکانی لێ دەگاتێ بە بەرمیلی بچووک و سەتڵەوە دەچنە ڕیزەوە. لە ناوچە کەناراوەکاندا، زۆر کەس بەهۆی نەبوونی هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکەوە، ناچار دەبن لە دەریادا سەریان بشۆن.