لە بناری قەندیل شەهیدبوونی ساکینە جانسز شەرمەزار کرا

لە ١٢یەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ساکینە جانسز، سەبارەت بە ژیان و تێکۆشان و ڕێبازەکەی، سیمنارێک لە بناری قەندیل بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی ٩ی کانوونی دووەم، بە پێشەنگایەتی ئەنجوومەنی گەلی بناری قەندیل و بە بەشداری بەرچاو ژنان لە گوندی بۆکریسکان لە بناری قەندیل، سیمینارێک بۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس و بەرزڕاگرتنی یادی شەهید ساکینە جانسز و هەڤاڵانی بەڕێوەچوو و هەروەها بەڵگە فیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید ساکینە جانسز پیشاندرا.

 

لە سیمینارەکەدا دەربارەی شۆڕشی ژن گفتوگۆ کرا، باس لەوە کرا، کە چۆن ژنان دەتوانن بەشداری شۆڕش بکەن و چۆن دەتوانن ئەزموونی ژنانی شۆڕشگێڕ بۆخۆیان بکەن بە نموونە و ڕێگری لەو هێرش و سیاسەتانەی لە دژی ژنان هەیە بکەن.

 

هەروەها لە بەردەوامیدا، باس لە ژیان و تێکۆشانی شەهید ساکینە کرا، ئازایەتی و بوێری ئەو ژنە شۆڕشگێڕە و تەواوی ژنانی شەهیدى دیکەى ڕێگای ئازادی باس کرا.

 

شەهید ساکینە جانسز ناسراو بە هەڤال سارا، لە ساڵی ١٩٥٧ لە دێرسیمی باکووری کوردستان لە دایک بووە، لەگەڵ دەستپێکردنی تەڤگەری ئاپۆیی، بە بیر و فەلەسەفەی ڕێبەر ئۆجالان دەبێت بە گەریدەی ئازادیی کوردستان و بەتایبەت ژنان، بەشداری لە یەکەمین کۆنگرەی پەکەکە دەکات و نوێنەرایەتی ژنی ئازاد دەکات و تا شەهیدبوونیشی ئەوینداری ئازادیی بوو.

 

لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، له‌ ناوه‌ندی ئینفۆرمه‌یشنی په‌یوه‌ندییه‌کانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان، لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، ساکینە جانسز و دوو هاوڕێی دیکەی بەناوی  فیدان دۆغان و له‌یلا شایله‌مه‌ز، بە دەستی ئەندامێکی میتی تورک، لە درێژەی پیلانگێریی نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەر ئۆجالان شەهید کران.