لە ڕانیە ژنێکی گەنج بە گوماناوی گیانی لەدەستدا

ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٣ ساڵ لە ڕانیە بە گوماناوی گیانی لەدەستداو پۆلیس پەراوی لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان بووەتە هەواڵی ڕۆژانەو بکوژانی ژن زۆربەی کات پەناو بۆ ئەم جۆرە گیان لەدەستدانانە دەبەن کە گومان دروست دەکەن، ئەمەش بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان و دەرچوون لە سزا سوودی بۆیان دەبێت.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین شەوی ڕابردوو ١٩ی تەمووز بڵاویکردەوە، کاتژمیر ٩:٣٠ی خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ هیزەکانمان لە بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی ڕاپەڕین ئاگادارڪرانەوە لە بونی تەرمێك بەناوی (لا، هـ، ع) لە دایکبووی ساڵی ۲۰۰۱ ساڵ لە ڕەگەزی مێ دانیشتووی ڕانیە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بە وتەی کەسوکاری ئەو ژنە گەنجە باری دەرونی تەواو نەبووە و بە تەنیا ڕۆیشتووە بۆ نزیك گوندی قوڕەگۆ، لەوێش خۆی خستۆتە ناوی پاشاوی قوڕەگۆو بەو هۆیەوە خنکاوە.

 

بەپێی وتەی پۆلیس، تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشکی دادوەری ڕانیە کرا دوای ئەنجامدانی پشکنینی توێکاری ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.