جینۆسایدی سروشت لە کوردستان: بانگەوازی هۆشیاری

هاوسەرۆکی دەستەی ئیکۆلۆژی هەرێمی فورات، ئامینە وێسۆ، هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتەکانی لەناوبردنی سروشتی کوردستان کرد و داوای هۆشیاری بۆ پاراستنی ژینگە کرد.

کۆبانێ- سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لەبارەی لەناوبردنی سرووشتی کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبن، بۆیە ژیانی زیندەوەران تێکدەچێت و چالاکی کشتوکاڵی بەڕێوە ناچێت، هاوسەرۆکی دەستەی ئیکۆلۆژی، ئامینە وێسۆ، سیاسەتەکانی لەناوبردنی سروشتی کوردستانی هەڵسەنگاند.

 

ئامینە وێسۆ ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەتەکانی جینۆسایدی سروشتی لەسەر کوردستان پەیوەندی بە سیاسەتەکانی جینۆسایدەوە هەیە و وتی: "ئامانجمان لە زیادکردنی دارەکان لەو ناوچەیە بۆ ئەوەیە وڵاتێکی جوان بنیات بنێین، هاوکات سودێکی زۆر بە سروشت دەگەیەنێت، هەوای تازە و ئۆکسجین دەبەخشێت، لە ڕووی زانستیشەوە یارمەتی پاراستنی خاکە دەدات و ڕێگە نادات زیانی پێ بگات، لە ڕووی دەروونیشەوە بۆ مرۆڤەکان سودبەخشە."

 

تاڵانکردنی دارستانەکانی کوردستان

ئامینە وێسۆ سەرنجی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردستان ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە بەشێک لەو هێرشانە بۆ سەر سروشت و جوانی کوردستانیش ئەنجام دەدرێن، و وتی: " لە چیای جودی دار دەبڕدرێت، لە ناوچەی شرناخ و جۆڵەمێرگ دار دەبڕدرێت و دەسوتێنرێت، لە کوردستان بازرگانی بە دارەوە دەکرێت و لە ناوچەکانی تریش دەفرۆشرێت، بەڵام تا ئێستا هەمووان بێدەنگن و دڕندەیی دەوڵەتی تورک بەردەوامە، کاتێک دارەکان دەسووتێن، ڕێگە نادەن هاووڵاتیان بچنە دارستان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، جگە لەمەش هێرشەکانی بۆ سەر گەل و سروشتی کوردستان زیاتر دەکات، کاتێک ناوچەی عەفرین داگیرکرا و دارەکان لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەر بە خۆیەوە بڕدرا، تا ئێستاش ئەمە بەردەوامی هەیە."

 

پەیوەندی بە سیاسەتەکانی دژ بە کوردستانەوە هەیە

ئامینە وێسۆ ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی تورکیا بە ئەنقەست دار دەبڕێت بۆ ئەوەی کورد لە خاک و شوێنی خۆی دەربکات، وتی: "لەبەرئەوەی ئێمەی کورد گرێدراوی خاک و سروشتمان هەیە، نموونەیەکی بەرچاو خەڵکی عەفرینە، کاتێک کۆچیان کردووە بۆ شەهبا لەبەردەم چادرەکانیان نەمام و گوڵیان چاندووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کورد پەیوەستە بە سروشتەوە، بۆیە هێرش دەکەنە سەر ئێمە و سروشتمان بۆ ئەوەی خەڵک ناچاربکەن لە زێدی خۆیان کۆچ بکەن."

 

بانگەوازی هۆشیاری

ئامینە وێسۆ، کە سەرنجی بۆ پێویستی گرنگیدان بە سروشت و ژینگە ڕاکێشا، داوای هۆشیاری کرد: "ئێمە وەک ڕێکخراوە ئیکۆلۆژییەکانی ناوچەکان، پێویستە بە گشتی دەنگی خۆمان لە دژی دڕندەیی دەوڵەتی تورکیا بەرز بکەینەوە و پتەو بین، ئەو دامەزراوانەی سروشت و مرۆڤایەتی دەپارێزن، پێویستە لەگەڵ ئێمە یەکبگرن بۆ دژایەتی دەوڵەتی تورکیا و ڕێگری لێبکەن".