ناڕەزایەتی هەزاران کەس لە دژی دەستدرێژی بۆ سەر ژنێک

لە وڵاتی بولگاریا لە دژی دەستدرێژی بۆ سەر ژنێکی گەنج، هەزاران کەس ناڕەزایەتییان نیشاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

هەزاران کەس لە وڵاتی بولگاریا گردبوونەوە لە دژی دەستدرێژی کردنە سەر ژنێکی گەنجی ١٨ ساڵان، لە بەردەم دادگای سۆفیای پایتەختی وڵاتەکە ناڕەزایەتییان نیشاندا، سەرەکۆنەی زیادبوونی دەستدرێژیی و توندوتیژییەکانیان بۆ سەر ژنان کرد.

 

لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی ناڕەزایی دەربڕین ٤٠ شاری بولگاریای گرتووەتەوە، زیاتر لە نۆ هەزار کەس لەبەردەم دادگای ناوچەکانیان گردبوونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژی ٢٦ـی حوزەیران، پیاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵ بەناوی جۆرجی جۆرجیڤ، دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر ژنێکی گەنجی ١٨ ساڵان و پاشان بەچەقۆ لێی دەدات.

 

لە پاش هێرشەکە ئەو ژنە گەنجە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتە و بە ٤٠٠ تەقەڵ برینەکانی دووراونەتەوە.

 

هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە ناڕەزایەتی سەرتاسەری و توڕەیی خۆیان نیشاندا بەرامبەر ئازادکردنی تاوانبارەکە، لەبەرئەوەی ئەو پیاوەی تاوانەکەی ئەنجامداوە لە سەرەتادا دەستگیرکراوە، دواتر دادگای شاری "ستارا زاگۆرا" بەپاساوی ئەوەی برینی جەستەی ژنەکە "برینی جەستەیی سووک"ـە، تۆمەتبارەکەی لە ڕۆژی پێنجی تەمموزدا ئازادکردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە تۆمەتبارەکە بەهۆی هەبوونی پێشینەی تاوان لەژێر چاودێریی پۆلیسدا بووە.

 

سندوقی بولگاریا بۆ ژنان ڕایانگەیاندووە، تووشی شۆکبووین کاتێک بینیمان لە ڕاپۆرتە پزیشکییەکاندا ئەو هەموو شکاوی و برینە قووڵە بە "برینی جەستەیی سووک" ئاماژەی پێکراوە، وێڕای ئەوەی ئەو ژنە بەهۆی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژییەوە توشی زەبرێکی قورسی دەروونی و جەستەیی بووە.

 

ڕاشیانگەیاندووە، ئەگەر ئەم ڕووداوە بێ سزا تێپەڕێت ئەوە پەیامێک بەهەموو قوربانیانی دەستدرێژیی و توندوتیژیی دەدات، ڕووبەڕووی هەرچییەک ببنەوە ئەوە تاوانباران دەتوانن بێ سزا ڕزگاریان ببێت، دەبێتە پاڵنەرێک بۆ زیادبوونی توندوتیژی و دەستدرێژییەکانی سەر ژنان.