کەوسەر سەلام: ئێمە ڕەزامان قورسەو بەڵام دەزگای میتی تورکی ڕەزا قورس نین

مامۆستا کەوسەر وەڵامی پاریزگاری هەولێر دەداتەوە کەبۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی کاتێک دەچوونە هەولێر پێی وتن "میوانی ڕەزا قورسمان ناوێت" دەداتەوەو دەڵێت: ئێمە ڕەزامان قورسەو بەڵام دەزگای میتی تورکی ڕەزا قورس نین.

ناوەندی هەواڵ

 

ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لە بەرامبەر ئەو دۆخە ناهەموارەی کە هاوڵاتیانی کوردستانی تیکەوتوە تا دیت زیاد دەبێت و کاردانەوەی هاوڵاتیان لە بەرامبەر بەرپرسان و دەسەلاتداران کە قسەی نەشیاو دەکەن زیاتر دەبێت.

 

کەوسەر سەلام، مامۆستایەکە کە بۆ پشگیری مامۆستایانی مانگرتوو ئامادەیە سەردانی سلێمانی بکات، لە قسەکانی پارێزگاری هەولێر نیگەرانەو وتی: ئێمە ڕەزامان قوڕسە، بەڵام بەعسی و جاش و ئەنفال چییەکان و دەزگای میتی تورکی ڕەزا قورس نین لە پایتەخت تەراتێن دەکەن.

 

ئەم قسانە نیگەرانی دروست کردەوەو مامۆستا کەوسەر بە هۆنراوەیەک وەڵام دەداتەوە:

ڕەزامان قوڕسە چونکە مۆدیل نین

کۆیلەو چاو شۆڕی بەردەگای خێڵ نین

ڕەزایان قورسە چوون لەش فرۆش نین

بۆ بەرپرسەکان گەرمی سەر کۆش نین

ڕەزایان قورسە چوون کۆنە جاش نین

لوشدەری موڵک و ماڵی بەلاش نین

ڕەزایان قورسە ئەم ناڕەزانە

چون پایتەخت ناکەن بە فەساد خانە

ڕەزایان قورسە بەڵێ ئەم پێرە

 چونکە نایچرن سرودی زێڕە