خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا گردبوونەوە
بەهۆی دووبارەبوونەوەی ساڵانەی هەڵە و کەموکوڕی لە پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی، ئەمڕۆ بەشێک لە خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گشتیی سلێمانی ڕۆژئاوا گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دژی بەهەدەرچوونی ڕەنجی ساڵانەیان دەربڕی.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانی ڕۆژئاوا، بەشێك لە خوێندكارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا بەهۆی بوونی هەڵە لەپرسیارەکانی وەزاری ناڕەزای دەردەبڕن
سەبارەت بە هۆکاری گردبوونەوەکە، پروشە پەیکار، خوێندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی وتی: ئەمڕۆ هاتووینەتە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا و گردبووینەتەوە، چونکە کێشەمان لە وانەکاندایە، بەتایبەت وانەی عەرەبی، لەبەر ئەوەی پرسیاری دەرەکی هاتووەتەوە و نمرەیەکی زۆرمان لێ دەڕوات. ئێمە هاتووین داوای مافی خۆمان بکەین، بەڵام هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار نەهاتووە بەدەممانەوە. هەندێک پرسیاری تێدایە کە تەرک کراوە، بەڵام لە کاتی تاقیکردنەوەدا هاتووەتەوە، هەروەها هەڵە لە پرسیارەکاندا هەبووە، وانەی عەرەبی بە پرسیاری دەرەکی هاتووەتەوە و لە وانەکانی زیندەوەرزانی و کیمیاشدا هەڵە لە هەڵبژاردن و پرسیارەکاندا هەبووە. داواکارین لە وەزارەتی پەروەردە چارەسەری ئەم کێشەیە بکات و نمرەکانمان بۆ بگەڕێنێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە، کەتان ئارام، خوێندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی باس لەوە دەکات کە پرسیارەکان پڕ بوون لە هەڵە و کەموکوڕی، ئەمەش کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر خوێندکارەکان دروستکردووە. ئەو کە خۆی نموونەی یەکێکە لەو خوێندکارانەی بەو هۆیەوە کێشەی بۆ دروستبووە، وتی: کێشەکەمان لە وانەی زیندەوەرزانی سەریهەڵدا کە لە پرسیارەکاندا هەڵە هەبوو. هیچ کەسێک نەهاتووە بەدەم داواکارییەکانمانەوە، لە کاتێکدا چەندین ساڵە ئەم کێشەیە بەردەوامە و تا ئێستاش دیار نییە کە ئایا لێپرسینەوە لە هیچ کەس و لایەنێک کراوە لەسەر ئەم کێشانە یاخود نا، لەم نێوەندەشدا ئەوەی قوربانیی سەرەکییە خوێندکارەکانن. داواکارم لیژنەیەک دابنرێت بۆ مەنهەجی ئینگلیزی لەبەر ئەوەی هەڵەی زۆری تێدایە، و وانەی عەرەبیشمان بۆ تەرک بکەن.