کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکا یەکەمین فێستیڤاڵی خۆی ئەنجامدا

کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکا بە فێستیڤاڵێک چالاکی جیاوازی تایبەت بە کوردانی ئەمریکا ئەنجامدا و تیایدا کولتووری کوردی بە بیرهێندرایەوە و چەندین سیمینار لە بابەتی جیاوازدا ئەنجامدرا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژانی ٩ بۆ ١١ی ئاب کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکا لە شاری دێنڤەری ولایەتی کۆڵۆڕادۆ فێستیڤاڵی یەکەمی کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکایان ئەنجامدا، فێستیڤاڵەکە بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان کە دانیشتووی ئەمریکان لەگەڵ هەندێک لە میوانانی ئەمریکیش بەڕێوەچوو.

 

فێستیڤاڵەکە چەند چالاکییەکی لەخۆ دەگرت، لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئەنجامدرا بەم شێوەیە بوو:

 

ڕۆژی یەکەمی فێستیڤاڵ لە کلێسای یونایتد مێسەدست بەڕێوەچوو، ئەسرین قادری، وتەبێژی چالاکییەکە ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژی یەکەم چەند سیمینارێکی ئەکادیمیی پەیوەست بە پرسی کورد لە ئەمریکا و پرسی کورد بەشێوەیەکی گشتی لە کوردستان ئەنجامدرا، لەو ڕۆژەدا ٦ سیمینار پێشکێش کرا، سیمینارەکان لەلایەن هەریەکە لە شیرین موڕاد ، مانێڵ مساڵمی ، د. سەرهەد حەسەن ، د. لانە کرمانج ، لێن بڕاس ، د. ئەماندا مێتکاڵف-ەوە پێشکێش کرا، دوای پێشکێشکردنی سیمینارەکان، ئامادەبووان بە پرسیار و سەرنجی خۆیان گفتوگۆیان دەربارەی بابەتەکان کرد.

 

کولتووری کوردی زیندووکرایەوە

ڕۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکە لە هۆڵێکی بۆنەکانی شاری دێنڤەر بەڕێوەچوو، ڕۆژی دووەم تەرخان کرابوو بۆ نیشاندانی دوو فیلمی کوردیی تایبەت بە کورد و کوردستان، پاشان چالاکیی نماییشی جلوبەرگی جوانی کوردی لە لایەن بەشێک لە گەنجان لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە ئامادە کرابوو، تێیدا چەندان جلوبەرگی جوانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان نماییش کران، جگە لەوە لەو ڕۆژەدا نماییشی کاری هونەری و کەلوپەلی کولتووریی و کەلەپووریی کوردەواری و پەرتوک نمایشکرابوون.

 

لە کۆتایی چالاکییەکان، بەشداربووان بەدەم میوزیک و گۆرانیی کوردییەوە شایی و هەڵپەڕکێی کوردییان کرد.

 

ڕۆژی سێیەمی فێستیڤاڵەکە لە پاڕکی واشنتنی شاری دێنڤەر بەڕێوەچوو، تەرخان کرابوو بۆ سەیران و ئاهەنگی کوردەواری، لەو ڕۆژەدا ژمارەیەکی زۆر و بەرچاوی کوردستانییانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان و هەندێک میوانی دیکە بەشدارییان کرد، وەک نەریتێکی کوردەواری، کوردستانییانی شاری دێنڤەر خواردنی کوردەوارییان دروستکردبوو، لە پاشان ئامادەبووان بە دەم گۆرانیی و مۆسیقای کوردییەوە، هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکی کوردەوارییان ئەنجامدا، زۆرینەی ئامادەبووان جلوبەرگی جوان و ڕەسەنی کوردییان لەبەر کردبوو، لە کۆتایی ڕۆژەکەدا، ئەندامان سەردانی گشت بەشداربووانیان کرد، پاشان ئامانجی چالاکییەکە بەتایبەتی و ئامانجەکانی کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکایان بەشێوەیەکی گشتی بۆ گشت ئامادەبووان ڕوونکردەوە و هانیان دان تا لە ساڵانی داهاتووش بەشداری فێستیڤاڵەکانی کۆمەڵەی کوردانی ئەمریکا بکەن.