ڕێکخستن و خۆپاراستنی ژنان لە دژی تێکۆشان و شەڕە هەژموونخوازەکان
هەرچەندە مشتومڕەکانی سەر پرسی داماڵینی چەک بەردەوامن، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە مافی خۆپاراستنی ژنان و گەلی کورد چۆن دانی پێدا دەنرێت. مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیک جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافی خۆپاراستن مافێکی بێچەندوچوون و دانەبڕاوە
بێریڤان زیلان
ناوەندی هەواڵ – ئەو قۆناغە مێژووییەی کە ئێمە وەک شەڕی سێیەمی جیهانی پێناسەی دەکەین، نەک تەنها لە ڕێگەی پێکدادانی سەربازییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی دانوستاندنی دیپلۆماتی، هاوپەیمانێتیی هەرێمی و تێکۆشانە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. لە کاتێکدا هەر داڕشتنێکی نوێی هەرێمی کە بڕیارە دوای ئەم شەڕانە دابمەزرێت لە جێگیربووندایە، تێکۆشان بۆ هەژموونی جیهانی و هەرێمی و لە هەمان کاتدا تێکۆشانەکانی ڕزگاریی کۆمەڵایەتی کە دەتوانن داهاتووی گەلان و ژنان دیاری بکەن، کەوتوونەتە قۆناغێکی هەستیارەوە.
سیاسەتەکانی چەوساندنەوە و کۆلۆنیالیزمی هێزە هەژموونخوازەکانی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی کە داکۆکی لە دۆخی باوی هەرێمی دەکەن، هاوکات دەرئەنجامە وێرانکەرە هەرە قورسەکانی شەڕی سەربازی و ئابووری کە لەلایەن ئەم هێزانەوە هەڵگیرساون، زیاتر لە هەموو کەس گەلان و بەتایبەتی ژنان دەبنە قوربانیی و پێوەی دەناڵێنن.
شەڕی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران
ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم لەلایەن ئیسرائیلەوە بوونەتە دەربڕینی فراوانکردنی مەیدانی هەژموونخوازی و ناوچە خاکیەکانی خۆی. ئامانجیان ئەوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنوێوە دابڕێژنەوە و ئەم ئامانجانەش بە نەگۆڕی دەمێننەوە. بەڵام وادیارە ئەم پلانە خاوەن ئامانج و لایەنی شاراوەیە کە هێشتا ئاشكرا نەکراون.
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران کە لە هەمان کاتدا گۆڕا بۆ پێکدادانێکی هەرێمی، لە ڕۆژی ١٠٧ەمینیدا بە ئاگربەستێک کۆتایی هات؛ هەرچەندە دواتر گەرەنتیی ئارامییەکی بەردەوامی نەکرد - بەهۆی ئەوەی هەردوولا پێویستییان پێی هەبوو بە ڕێککەوتنێکی ٦٠ ڕۆژە - کۆتایی پێهات. بەهۆی کاردانەوەی گرنگی ڕای گشتیی ناوخۆیی هەم لە ئەمریکا و هەم لە ئیسرائیل، پێدەچێت حیساباتی هەڵبژاردنی ترەمپ ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە گەیشتن بەم ڕێککەوتنەدا گێڕابێت. هەردوو لایەن، واتە ئەمریکا و ئێران، خۆیان بە سەرکەوتوو ڕاگرت. بەڵام چەندین نیشانە هەن کە دەسەلمێنن هیچ لایەک لە ڕاستیدا سەرنەکەوتووە. هەرچەندە ئاستی وێرانکاری لە ئێراندا هەمەلایەنە و ئاشکرایە، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیلیش لە ڕووی سیاسی، سەربازی و ئابوورییەوە زیانیان بەرکەوتووە. ڕۆژەڤی شەڕی دژ بە ئێران نە بۆ ئەمریکا و نە بۆ ئیسرائیل دانەخراوە. ئەمریکا فشار دەخاتە سەر ڕژێمی ئێران بۆ ئەوەی لەگەڵیدا ڕێکبکەوێت.
پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەرچەندە زۆرجار بە ناکۆکی و کاتی پلانی هاوبەشەوە گرێدراون، بەڵام لە بواری سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی وەک پەیوەندییەکی ستراتیژی و هاوپەیمانێتی بەڕێوەدەچن. لە چوارچێوەی تێکۆشان بۆ هەژموونی هەرێمی کە بە ڕێککەوتنی ئیبراهیم هەوڵدرا بە شێوازێکی بەردەوام شێوەی پێبدرێت، دوای ئەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل-ئەمریکا-ئێران بۆ ماوەیەکی کورت بە ڕێککەوتن کۆتایی هات. بەهۆی ئەوەی ڕژێمی ئێران نەڕووخا، زیاتر لە پێکدادانێکی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، وەک ئەگەرێکی ڕێککەوتن و هاوکاریی زیاتر دەنرخێنرێت.
کۆبوونەوەی ناتۆ: بۆ کورد چی پلانێک دادەنرێت
لەلایەکی دیکەوە، یەکەمین لووتکەی گرنگی نێودەوڵەتی دوای ڕێککەوتنی ئەمریکا-ئێران بەڕێوەدەچێت، ئەویش کۆبوونەوەی ناتۆیە. لووتکەی ناتۆ کە پلان وایە لە نێوان حەوت و هەشتی تەممووزدا لە تورکیا سازبکرێت، دەگوترێت سەرۆکەکانی ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئۆکرانیا تێیدا ئامادە دەبن. چاوەڕوان دەکرێت لە لووتکەی ناتۆدا نەخشەڕێگەیەک بخرێتە بەردەم تورکیا. تورکیا کە هێزێکی هەرێمی گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێشتا ڕێککەوتنی ئیبراهیمی پەسەند نەکردووە. لێرەوە، ئایا ڕۆڵێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕێگەی بەشداربوون لە ڕێککەوتنی ئیبراهیمیدا وەک ئیمتیازێک دەدرێتە تورکیا؟ وە چی پلانێک بۆ کورد وەک دینامیکێکی بڕیاردەر لە هاوسەنگییە هەرێمییەکاندا دادەڕێژرێت؟ ئەمانە بۆ گەلانی ناوچەکە بابەتگەلێکی گرنگن. دیسان، تێکۆشان بۆ هەژموونخوازی، سیاسەتەکانی پەیوەست بە سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی ناوچەکە و بەهۆی ئەوەی ئەمە یەکەمین لووتکەیە دوای شەڕی ئێران، بابەتی ئەوەی چ جۆرە ڕۆڵێک لە ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەدرێتە تورکیا، وەک سەردێڕی گرنگ بە وردی چاودێری دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، لە ڕووی هاوسەنگیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لە پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کورددا کە خاوەن گرنگییەکی ژیانییە، ئێمە لە ڕێڕەوێکی مێژووییداین. دەوڵەتی تورکیا یان دەبێت هەنگاو بەرەو پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بنێت بۆ چارەسەری کێشەی کورد، یان هەڵوێست و ڕاوەستانی خۆی لە بەرامبەر پرۆسەکەدا لە لایەنێکی دیکەوە ڕوون بکاتەوە.
هەرچەندە پرۆسەی دانوستاندن و تێکۆشان لە باکووری کوردستان بەرەو پێش دەچێت، بەڵام تێکۆشان بۆ ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، کە گەلی کورد وەک نوێنەری ئیرادەی خۆی قبووڵی کردووە، بەپێی نۆرمەکانی دانوستاندنی دیموکراتیک بێت، لە ڕووی جەستەییەوە ئازاد بێت و لەگەڵ دیدارەکانیدا لە مەرج و ڕەوشی یەکساندا ئامادە بێت و لە بەندینخانەدا نەبێت، بەردەوامە. ئەو پێشهاتە مێژووییە گرانەی کە لە بەڕێوەبردن و ڕێبەرایەتی ڕاستەوخۆی ڕێبەر ئاپۆوە بۆ پرۆسەکە دێنە ئاراوە، بە تەواوی ناناسرێن؛ بەپێچەوانەوە، مەترسییەکانی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لە ڕێگەی شاند و نامەکانەوە لە کاتێکی ئاوا هەستیاردا کە پێویستی بە دەستێوەردانی خێرا هەیە، بە پێویستی نابینرێن.
لە قۆناغێکی مێژوویی ئاوا گرنگدا، ئاشکرایە کە دەوڵەت و هێزە دەسەڵاتدارەکان کردەوەکانی خۆیان لەسەر سڕینەوەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی بنیاد ناوە، تەنانەت بە وردی وشەکان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی گەلی کورد بڕوا نەکات کە لەم پرۆسەیەدا چتێکی بەدەست هێناوە. ئەو کۆبوونەوە گشتییانەی کە ساز دەکرێن، ڕەنگدانەوەی ئەم هەوڵە بەئەنقەستەیە بۆ چارەسەرکردنی کارەکتەری پرۆسەکە کە بەم زمانی شەڕی تایبەت و چەواشەکاری-مانۆڕپێکردنە پێناسە دەکرێت، هاوکات ئەو بەرپرسیارێتییانەی کە ئەم سەردەمە دەیانخاتە سەر شانی ژنان، گەنجان و گەل دەنرخێنێت.
لەو قۆناغەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، ئامادەکارییەکان بۆ چوارچێوەیەکی یاسایی دەخرێنە ڕۆژەڤەوە. ئەوە ڕاستییەکە کە ئەو هەنگاوە یاساییانەی ئامانجیان چارەسەری هەمیشەیی کێشەی کورد نییە، لەلایەن کۆمەڵگەوە پەسەند ناکرێن. جەوهەری نەخشەڕێگەكە، سەرەڕای ئەم یاسایانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە وەک لایەنێکی پرۆسەکە پێشنیاز کراون، پیشانی دەدات کایە ئایا پێشڕەوی بەرەو ئاشتییەکی ڕاستەقینە دەکرێت یان نا.
پێویستیی دەوڵەتی تورکیا بە گۆڕانکارییەکی یاسایی دیموکراتیک و چاکسازیی دەستووری لەسەر بنەمای ئەم پێویستییە، ناچارییە. بەڵام ئاشکرایە کە چارەسەرێکی بەردەوام بۆ کێشەی کورد، هاووڵاتیبوونی ئازاد و یەکسان و دیموکراتیزەبوون، بە چەند یاسایەک یان گۆڕینی چەند ماددەیەکی یاسایی بەدەست نایەت. گەلی کورد و گەلانی تورکیا چییان دەوێت؟ جەوهەری چارەسەری پێویست چییە و چوارچێوەی دیموکراتیزەبوون چییە؟ ئایا گەل ئەو یاسایانەی کە دەگوترێت لەم قۆناغەدا دەردەکرێن قبووڵ دەکات؟ دەبینین.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە دەیان نموونە هەن کە پیشانی دەدەن پێویستیی ڕێکخستنی دیموکراتیک و هەنگاوی خێرا لەسەر بابەتەکانی وەک پەروەردە بە زمانی دایک، ئابووری، تەندروستی، هۆنەر، وەرزش و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە هەیە، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی دەستێوەردانی دەوڵەت بکرێت یان دوا بخرێت. کاتێک مرۆڤەکان خۆیان دەگۆڕن بۆ بکەرێکی کاریگەری فشار، بە هۆشیاریی هەڵوێستی ستراتیژیی خۆیان دەجووڵێنەوە، هیچ نرخ یان مافێک نییە کە نەتوانن بەدەستی بهێنن. نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە هەرچەندە هەنگاوەکان دوا بکەون، بەدەستهێنانی ئەم نرخ و مافە بنەڕەتییانە ئاوا قورستر دەبێت.
وەک ستراتیژیی تێکۆشانی بنەڕەتیی سەردەمەکە، هیچ بەربەستێک بۆ دروستکردنی کۆمۆنی کارا لە هەموو کایەکانی ژیاندا نییە. نموونەی بەرچاو، وەک دروستکردنی تۆڕەکانی ژنان لە باشووری ئاسیا کە بە پاسکیل لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی دیکە دەچن و بە تێچوویەکی زۆر کەم خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەشی ژنان دەکەن، وەک نموونەی پراکتیکیی گۆڕانکاری لە "دامەزراوەییبوون" بەرەو "کۆمۆناڵیبوون" شایەنی لێکۆڵینەوەی زیاترن. سەرەڕای ئەمەش، هەندێک نموونە کە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێ کراون، بۆ تێگەیشتن لە بەربڵاوی هێزی چارەسەرکردنی کێشەکان لەو شوێنانەی کە دیموکراسیی ناوخۆیی و بەڕێوەبردنی خۆجێیی لێ بەهێز بووە، و بەکارهێنانی ئەزموونە جیهانییەکان، گرنگن.
شەڕی تایبەت و خۆپاراستن
وەک ئەنجام، پەیڕەوکردنی شەڕی تایبەت، پەرەسەندنی کوشتن و مردنی گوماناویی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. ئەم دۆخە پیشانی دەدات کە مەترسیی جیددی هەن. پێویستە دەوڵەت ناچار بکرێت بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە دژی کۆمەڵکوژیی ژنان جێبەجێ بکات. بەڵام ئەزموونی تاڵ پیشانی دەدات کە بەس نییە مرۆڤ چاوەڕێی چتێک بێت لە دەوڵەت و دامەزراوەکانی، کە ئەم کۆمەڵکوژیانە وەک کێشەیەکی ئاسایی و یاسایی پیشان دەدەن. بەهۆی ئەم هۆکارانەوە، گومانی تێدا نییە کە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی خۆپاراستنی ڕزگارکردنی ژیانی ژنان بریتین لە: هۆشیاری، یەکێتیی هێز و ڕێکخستن.
پرۆسەی یەکگرتن لە ڕۆژاوای کوردستان، کە گۆڕەپانی شۆڕشی ژنان و جێبەجێکردنی پراکتیکیی چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیکە، هەم وەک پرۆسەیەکی دانوستاندن و هەم وەک پرۆسەیەکی تێکۆشان بەردەوامە. هەرچەندە پرۆسەی یەکگرتن کە بە ڕێککەوتنەکانی ٢٩ی کانوونی دووەم دەستی پێکرد، دەبوو لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی هێزە نێودەوڵەتییەکاندا بەڕێوە بچێت، بەڵام ئاشکرایە کە وا نییە. لە هەمان کاتدا، سیاسەتێکی هێرشبەرانە پەرەی پێدەدرێت بۆ ئەوەی تێکۆشانەکە بێبەها بکات، وای پیشان بدات کە هیچ دەستکەوتێک بەدەست نەهاتووە یان هەوڵ و باجە قورسە دراوەکان بەفیڕۆ چوون. بەهۆی ئەم هۆکارانەوە، نیگەرانییەکان لەسەر پرۆسەی یەکگرتن بێبنەما نین. بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا، نەک تەنها پێویستە مرۆڤ نیگەران بێت، بەڵکو دەبێت هەر نزیکبوونەوەیەکی حکوومەتی شام کە جۆلانی هەڕەشە لە ماف، ئازادی و دەستکەوتە بنەڕەتییەکان دەکات ئاشکرا بکرێت. دەبێت هەڵوێستی پێویست وەربگیرێت و هۆشیاریی ڕای گشتی بپارێزرێت و پیشان بدرێت، و لەو پێشچوونانە کە بە باجی قورس بەدەست هاتوون پاشەکشە نەکرێت.
ڕێبەر ئاپۆ، هەم لە مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا و هەم لە دیدارەکانی لەگەڵ شاندەکاندا، ڕوونی کردەوە کە پرۆسەکانی یەکگرتنی دیموکراتیک لەژێر چ مەرجێکدا چ شتێک دەگرنە خۆیان و جەختی لە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانیان کردەوە. لەبەر ئەوەی دەوڵەتەکان، بە سروشتی خۆیان، هەوڵ دەدەن یەکگرتنەکە تێکبدەن، و هەوڵ دەدەن بیگۆڕن بۆ پراکتیکێکی ئاسیمیلاسیۆن (تواندنەوە)، ژێردەستەکردن و بەهێزکردنی باڵادەستیی خۆیان. لەم ڕووەوە، هەر لایەنێک کە لەگەڵ سروشتی ڕاستەقینەی یەکگرتندا ناكۆک بێت، دەبێتە بابەتی دانوستاندن و تێکۆشان.
دیموکراتیزەکردنی سووریا و ئافراندنی دەستوورێکی دیموکراتیک، لەگەڵ گەرەنتیی یاسایی و دەستووریی مافەکانی ناسنامە، دەربڕین و ڕێکخستنی ژنان، گەلان و پێکهاتە ئایینییەکان، بۆ داهاتووی سووریا و ڕۆژاوای کوردستان زۆر گرنگن. بەردەوامیی سیستمی خۆبەڕێوەبەری، لە نێویدا ڕێکخستن و دەستکەوتە خۆبەڕێوەبەرییە بێهاوتاکانی ژنان، بەهێزکردن و خۆپاراستنی ژنان و داڕشتنی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و دیموکراسیی خۆجێیی، بابەتگەلێکی گرنگن. بۆ ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی تێکدانی ئەم ڕێکخستنە، دروستکردنی کاردانەوە و هەڵوێستی کۆمەڵایەتیی پێویست و جێبەجێکردنی پراکتیکەکان بۆ مسۆگەرکردنی پێشوەچوونی سەرکەوتووانەی پرۆسەی یەکگرتن لە بەرژەوەندیی گەلان و ژناندا، مەرجێکی بنەڕەتییە.
پێشهاتەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کاتێک سەیری پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، هەندێک لایەن هەڵوێستی ئێران لە شەڕی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیلدا وەک بەرخۆدان لە دژی ئیمپریالیزم لێکدەدەنەوە. بەداخەوە، سیستمی سەرکوتکەر و پەیڕەوکردنی کۆمەڵکوژییەکانی ڕژێمی ئێران لە دژی گەل و ژنان، سیاسەتەکانی لەسێدارەدانی کە پێش و دوای شەڕەکە زیادیان کردووە، و هەڕەشە و کردەوە هێرشبەرییەکانی لە ڕێگەی زیادبوونی کۆکردنەوەی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن ڕای گشتییەوە هەمیشە بە تەواوی پشتگوێ دەخرێن. لە ڕاستیدا، ئێمە بڕوامان وایە کە بەهۆی هەڵوێستێکی دژە ئیمپریالیستی ڕۆژانەوە دەگەنە دەرئەنجامێکی ئاوا. لەبەر ئەمە، زۆر گرنگە کە دەنگی ژنان و ئەو مرۆڤانەی بۆ ژیانی خۆیان لە ئێراندا شەڕ دەکەن بە ڕای گشتیی جیهان بگەیەنرێت، ڕووی کۆمەڵکوژیی ڕژێمەکە ئاشکرا بکرێت و فشارێکی گشتیی بەردەوام دروست بکرێت.
لە پرۆسەی شەڕەکەدا بە ڕوونی وترا کە هیچ دەوڵەتێکی نەتەوەیی، لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا و ئیسرائیل، کێشەیەکیان لەگەڵ کارەکتەری ڕژێمی ئێراندا نەبوو. بەهۆی ئەوەی نەیانبوو بیچوێنن یان بیگۆڕن، لەگەڵ ڕژێمەکەدا ڕێککەوتن. ڕژێمی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران، بێجگە لەدەستدانی ڕێبەرە سەرەکییەکانی، لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە زۆر لاواز بووە. سەرەڕای ئەم لاوازییەش، ڕژێمی کۆنەپەرستی ئێران هێشتا هەڵوێستێکی دوژمنکارانە لە بەرامبەر ژنان و گەلدا دەپارێزێت و لە نێو وەهمی ئایینی-نەتەوەپەرستی-ڕەگەزپەرستیدایە. وەک چۆن لە مێژوودا هەیە، هەر کاتێک گەمارۆ بدرێت و لاواز بێت، هێرش دەکاتە سەر ژنان، گەنجان و ئەو گرووپە کۆمەڵایەتییە بەرخۆدەرانەی کە لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"دا یەکیان گرتووە، کە ئەوان وەک هەڕەشەیەکی گەورەتر لە دەستێوەردانی دەرەکی دەبینێت. گرنگە مرۆڤ لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا نەکەوێتە داوی بێهیواییەوە و ئەو بڕوایە بپارێزێت کە سەرکەوتن لە ڕێگەی تێکۆشانەوە بەدەست دێت. وەک چۆن دەبێت چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک و لەسەر بنەمای پارادایمی ئازادیی ژنان، دروستکردنی یەکێتیی هێز و ئیرادە بە بنەما بگرێت. گومانی تێدا نییە کە دەبێت ئێران بگۆڕێت و دیموکراتیزە ببێت.
لە کاتی شەڕی ئێراندا و دوای ڕێککەوتنەکە، بابەتێک کە بووە ڕۆژەڤ ئەوە بوو کە ئایا لە ڕیزەکەدا عێراق هەیە یان نا. ئەو کۆبوونەوە و بڕیارانەی تۆم باراک (کە بۆ ئەرکی تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرلەنوێ ڕاسپێردرابووەوە) لەم چوارچێوەیەدا دەنرخێنرێن. ڕاگەیەندرا کە مەرجێک بۆ قبووڵکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی لە پۆستەکەیدا، چەککردنی هێزە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران بوو. بێجگە لە حیزبوڵڵا، چەندین گرووپی میلیشیای چەکدار بڕیاریان دا کە هەڵوێستی خۆیان سیاسی بکەن.
چۆن دەتوانین بەرەو ژیانێکی ئازاد و یەکسان هەنگاو بنێین؟
لەژێر سێبەری مشتومڕەکانی داماڵینی چەکدا، ڕەوش و بابەتی یاساییبوونی هەم خۆپاراستنی ژنان و هەم پاراستنی گەلی کورد لە بەشەکانی کوردستاندا بە ناڕوونی دەمێننەوە. ئەم ناڕوونییە دەبێتە هۆی نیگەرانیی جیددی و بەماف. بەڵام، وەک چۆن لە هەم پارێزنامەکانی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان و هەم لە بەڵگەی مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا دەزانین، مافی خۆپاراستن لە دژی هێرشەکانی سیستمی پیاوسالاری و باڵادەستی زاڵم، مافێکی بێچەندوچوون و دانەبڕاوە. پاراستن و خۆپاراستن پێداویستیی بنەڕەتیی بوونن. لەم ڕووەوە، هەرچەندە کێشەکانی دانوستاندن و تێکۆشان لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەت-نەتەوەدا هەبن، بەڵام بنەمای خۆپاراستن، بەبێ ڕەچاوکردنی مەرجەکان یان شوێنەکان، دەبێت هۆشیاری، ئیرادە و ڕێکخستنێکی ڕوونی خۆپاراستن دروست بکات.
بەهۆی ئەوەی تێکۆشان لەسەر بنەمای پارادایمی ڕزگاریی ژنان، دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک بەڕێوە دەچێت، لە هەر بەشێکدا پێشەنگایەتیی شۆڕشی ژنان هاتووەتە ئاراوە. لەم ڕووەوە، ئاستی هۆشیاریی ژنانی کورد، هێزی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی ئەوان و تێکۆشانی بەربڵاویان لەسەر بنەمای خۆپاراستن، بۆ هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک نموونەیەکە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرانسەری جیهاندا، ئەو ژنانەی بۆ ڕزگاریی ژنان تێکۆشان دەکەن، پێویستە لەسەر بنەمای فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" هاوپەیمانێتی پێکبهێنن، بنەمایەکی هاوبەشی تێکۆشان ئاوا بکەن و بەم شێوەیە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان بەربڵاوتر بکەن. تەنها بە تێکۆشانێکی ئاوا ژنان و چەوساوەکان دەتوانن بەرەو ئەو ژیانە ئازاد و یەکسانە بڕۆن کە شایستەیین.