وشکەساڵی بەردەوام، ئاستەنگی زیاتر بۆ ژنان درووست دەکات

بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاستەنگی بەردەوام بۆ ژنان لە ئەفریقا درووست دەبێت، ژنانی جوتیاریش ڕووبەرووی کاریگەرییەکانی دەبنەوە لە کاتێکدا ٪٧٥ ی ١٤.٧ ملیۆن کەس لە ناوچە گوندنشیینەکان دەژین و بۆ بەردەوامیدان بە ژیانیان پێویستیان بە ئاو هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

گرانی تێچووی ژیان، کەمیی خۆراک و بەردەستبوونی ئاو ئاستەنگی بەردەوامن بۆ ژنان لە ئەفریقا، تا ساڵی ٢٠٥٠، پێشبینی دەکرێت کە وشکەساڵی کاریگەری لەسەر زیاتر لە سێ لەسەر چواری دانیشتوانی جیهان هەبێت.

 

لە سۆماڵ، نزیکەی ٪ ٧٥ی ١٤.٧ ملیۆن کەسی وڵاتەکە لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین، نزیکەی ٪ ٦٠ی شوانکاری و ٪ ١٥یان لە بواری کشتوکاڵدا کاردەکەن، کەمتر لە یەک لەسەر سێی دانیشتووان دەستیان بە ئاوی پاک دەگات، کەمی ئاو مەترسییەکی جددی لەسەر تەندروستی و خۆشگوزەرانی و بژێوی کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان و شوانکارییەکان دروست دەکات و گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی گشتی سۆماڵ سنووردار دەکات، بە تایبەتی ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان لاوازن و ڕووبەرووی کۆسپ و ئاستەنگی دەبنەوە بۆ بەردەوامبوونیان لە ژیان.

 

دەیان ساڵە لەوەڕگەی گرنگی سۆماڵ ڕووبەڕووی فشارێکی توند بووەتەوە و بژێوی ملیۆنان کەسی خستۆتە مەترسییەوە، سەرەڕای قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە خەڵوز، دارستانبڕین و بڕینی دارەکان بۆ خەڵوز بەردەوامە، ئەمەش لەوەڕگەی زیاتر بۆ ئاژەڵەکان کەمدەکاتەوە.

 

سەرەڕای ئەوەش، بڵاوبوونەوەی جۆرێکی دارێکی داگیرکەر کە بە Prosopis juliflora ناسراوە، ڕێگری لە جووتیارانی ناوەڕاستی سۆمالیلاند کردووە لە چاندنی بەرهەم بۆ خۆراک پێدانی ئاژەڵەکانیان، هەروەها سیستەمی ڕەگی بەرفراوانی ئەم دارە داگیرکەرانە کەمی ئاوی زیاتر کردووە، ئەم ئاستەنگییانەی لەگەڵ کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، دووبارە بوونەوەی وشکەساڵی و لافاو و شێوازە ناڕێکەکانی تری بارانبارینیان چڕتر کردووەتەوە.

 

بە نەهێشتنی جۆرە داگیرکەرەکانی دار و پێشخستنی شێوازە کشتوکاڵییە بەردەوامەکان، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی بەرهەمهێنان بۆ زەوییەکە و بەهێزکردنی کۆمەڵگەی ناوخۆیی بە هەنگاوێکی چارەسەری گرنگ دادەنرێت، لەگەڵ وەزارەتی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا ٥٠٠ هێکتار زەوی نۆژەنکرایەوە، کە یەکسانە بە نزیکەی ٤١٦ مەلەوانگەی قەبارەی ئۆڵۆمپی، لە گوندەکانی بیر و سێلبیلسیلە.

 

ساڵێک بارانبارینی لەبار وایکرد زەوییەکان ببوژێنە و هیوایەک بە جوتیارانی ناوچەکە بدات ژنانی جووتیاران شاهیدی پێشکەوتنی بەرچاو بوون لە ژیانیاندا، بەهۆی ئەوەی خۆراک لەبەردەستی ئاژەڵەکانیاندایە لە وەرزە لەبارەکاندا، ئەمەش وایکردووە کە عەلوەی زیادە بۆ ماوەی ساڵەکە هەڵبگرن.

 

ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی شیر، کە خۆراکی پێویست بۆ منداڵەکانیان دابین دەکات، هەروەها شیری زیادە بووەتە سەرچاوەیەکی بەنرخ بۆ داهاتی زیادە، ئەمەش وایکردووە ژنان بتوانن پاڵپشتی خوێندنی منداڵەکانیان بکەن و وەبەرهێنان لە داهاتوویان بکەن.