گەشتیاران لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە سەردانی هەڵەبجەیان کردووە

لە ڕۆژانی جەژنی قوربان زیاتر لە ١٠٠ هەزار  گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

چیا قاسم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گەشتو‌گوزار له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێدوانێكیدا ژمارەی گەشتیارانی لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز ڕاگەیاند، زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشداوە، زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە پارێزگای هەڵەبجە و لەو ڕێژەیەش ٧٥ هەزار گەشتیار لە پارێزگاکانی عێراقەوە و ٢٥ هەزار گەشتیاریش لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون.

 

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژانی جەژندا تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار لە پارێزگای هەڵەبجە توانیوویانە ١٣ سەرپێچی تۆمار بکەن، غەرامەی ئەو بنکە و شوێنە گەشتیاریانەش بکەن کە پابەندی پاکوخاوێنی و نرخەکان نەبوون، ٢١ ئاگادارکردنەوەش کراوە بۆ شوێنی گەشتیاری، چێشتخانە و گەراجەکان.

 

لەکۆتایشدا چیا قاسم باسی لەوەکرد کە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی هەڵەبجە توانیویانە ٨٣ تەن خۆڵ و خاشاک لەناوچە گەشتیارییەکان پاک بکەنەوە، هەروەها لەماوەی ڕۆژانی جەژندا هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو ڕوویەنداوە کە پێویست بکات ڕابگەیەندرێت.