کۆمیتەی مافی مرۆڤ: پێویستە هەر جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر ژنان بە تاوان بناسرێت

کۆمیتەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە مامەڵەی ڕژێمی ئیسلامی لەگەڵ ژنان، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەوریەی ئیرشادی و بە تاوان ناساندنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمیتەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوا ڕۆژی ١٠٩هەمین کۆبوونەوەی خۆیدا، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشکەش کرد و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە مامەڵەی ڕژێمی ئیسلامی لەگەڵ ژنان، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەوریەی ئیرشاد- پۆلیسی ئەخلاقی و بە تاوان ناساندنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان بوو.

 

ئەم کۆمیتەیە لە پێداچوونەوە بە تۆمارەکانی مافی مرۆڤی ئێراندا ڕایگەیاندووە، "ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەبێ یاسایەکی هەمەلایەنە دەربکات کە بە ڕاشکاوی توندوتیژی خێزانی، دەستدرێژیکردنە سەر هاوژین، بەناو تاوانی شەرەف و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان بە تاوان بناسێنێت".

 

کۆمیتەکە ڕایگەیاندووە، پێویستە ئێران "پێداچوونەوە یان هەڵوەشاندنەوەی یاسا و سیاسەتەکانی بکات، کە پابەندنەبوون بە حیجابی ناچاری بە تاوان دەزانن و دەوریەی ئیرشاد هەڵبوەشێننەوە".

 

دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن ڕژێم و دەستپێکردنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، پۆلیسی ئەخلاق لە شەقامەکاندا کەم بوونەوە، بەڵام لەگەڵ دابەزینی گوڕی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە، پۆلیس و هێزەکانی نیمچە سەربازی بە جلوبەرگی نەناسراو و وەک هاوڵاتی بۆ ئاگادارکردنەوە و چاودێری حیجابی ناچاری ژنان گەڕایەوە سەر شەقامەکان.