ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کامپی پەنابەرانی جیبالیە

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کامپی پەنابەرانی جیبالیەو ئاماژە بەوەکراوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوەو برینداربوون لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ کەسدایە و لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەرکردن سەخت بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامەو شەوی ڕابردوو ئیسرائیل هیرشی کردە سەر کامپی پەنابەرانی جیبالیەو ژماره ی گیان لەدەستدان و بریندارانی هێرشه که له نێوان ٤٠٠ بۆ ٤٥٠  کەسە.

 

پزیشک محەمەد ڕون، پزیشکی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی ئیندۆنیزیا لە جیبالیە وتی: نزیکەی ٤٠٠ کەس گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، ١٢٠ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و زۆربەیان ژن و منداڵن، لە کاتی هێرشەکەدا بەهۆی نزیکییەوە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەگوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی کەمی تیمی تەکنیکی و دەرمان پلانی گواستنەوەی بریندارەکان دانراوە، بەڵام بەهۆی بۆردومانەوە ناتوانن ئەو کارە بکەن و کارمەندانی نەخۆشخانەکە داوای یارمەتی دەکەن.

 

"کارەکانی نەخۆشخانە بە تەواوی کۆتایی دێت"

کاربەدەستان ڕایانگەیاند، پێویستی بە سووتەمەنی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان، عەتیف ئەلکەلوت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، وتی: بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی بۆ کارپێکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کاری نەخۆشخانەکان بە تەواوی ڕادەگیرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، توانای نەخۆشخانەکە بە بەراورد بە پێش هێرشەکەی جیبالیە دووهێندە کراوەو وتی: نەخۆشخانەکە کە توانای ١٤٠ قەرەوێلەی هەیە، پێش هێرشەکەی ئەم بەیانییەی جیبالیە ٢٩٥ قەرەوێڵەی پێشکەش دەکرد، باس لە زیاتر لە ٤٠٠ کەس دەکەین کە بەهۆی هێرشەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، نەخۆشخانەکە و باخچەکەی پڕبوون. ئەو ماددانەی بۆ بارودۆخی فریاکەوتن بەکاردێن وەک ئۆکسجین و ئامێرەکانی چاودێری فریاکەوتن کار ناکەن و ناتوانن نەشتەرگەری ئەنجام بدەن.

 

"ناوچەی کامپەکە تەختی زەوی بوو"

ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیبراهیم بیاری، ڕێکخەری باڵای حەماس و یاریدەدەرەکانی لەو هێرشانەدا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە بەیاننامەیەکدا کە هۆکاری هێرشەکەی ڕوونکردەوە، حەماس تۆمەتبار دەکات بە خۆشاردنەوە لە پشت خەڵکی مەدەنی، لە لایەکی دیکەوە، ڕاگەیەندرا کە ناوچەی کۆچبەران گەڕەکی ٦ بلۆک بە تەواوی هەڵوەشاوە، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستان" لەو هێرشەدا کوژراون کە بووە هۆی ڕووخانی باڵەخانەکانی دیکەی ناوچەکە.

 

"گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دەمانترسێنێت"

ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کامپی پەنابەرانی جیبالیە ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کامپی پەنابەران بەو هەواڵانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک گیانیان لەدەستداوە دەمانترسێنیت، دوای هێرشەکە ژمارەیەکی زۆر لە بریندارەکان گەیشتنە نەخۆشخانەی شیفا و تیمەکانمان لێرە دەستوەردانی پزیشکی دەکەن.

 

ئینتەرنێت نییە

پاڵتەل، گەورەترین کۆمپانیای ئینتەرنێت لە غەززە، لە بەیاننامەیەکدا وتی: هەموو پەیوەندییەکان و خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت بەتەواوی بڕدراون، هێڵەکانی پەیوەندی غەززە بە جیهانەوە بڕاوە، هەروەها ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمەکەدا پشتڕاستیان کردەوە کە هەموو خزمەتگوزارییەکانی تەلەفۆن و ئینتەرنێتیان بڕاوە.