دادگای باڵای هیندستان بڕیاریدا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوشتنی ژنە پزیشکەکە بکات

دوای ١٠ ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە، دادگای باڵای هیندستان بڕیاریدا بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کوشتنی ئەو پزیشکە ژنە بکات کە دەستدرێژی کرایە سەرو کوژرا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شاری کەلکوتا لە ویلایەتی بەنگالی ڕۆژئاوای هیندستان، لە ٩ی ئابدا، لە نەخۆشخانە دەستدرێژی زایەندی کرایە سەر پزیشکێکی ژن و لە نەخۆشخانە کوژرا.

 

 دوای بیستنی ڕووداوەکە، پزیشکانی هیندستان چوونە سەر شەقامەکان و توڕەیی خۆیان دەربڕی، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ١٠ ڕۆژ دوای ڕووداوەکە، دادگای باڵای هیندستان بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوشتنەکە بکات.

 

بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، دادگای باڵا دەسەڵاتەکانی خۆی "بە دەستپێشخەری خۆی" لەم دۆسیەیەدا بەکاردەهێنێت.

 

دادگا زانیاری لەسەر ئەو کەسانە نەداوە کە لە دانیشتنەکاندا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

سەندیکای پزیشکی هیندستان ڕۆژی 17ی ئاب ڕایگەیاندبوو، جگە لە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانەکان دادەخەن و کار ناکەن، هەروەها یەکێتی پزیشکانی نوێی هیندستان ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە بایکۆتی سەرتاسەری وڵات و ماوەی ٧٢ کاتژمێریان بە حکومەت دا بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران.