”یەپەژە هێزێکی بنەڕەتین بۆ پاراستنی مافی ژنان”

زیلان ئاڤاشین، شەڕڤانی یەپەژە سەبارەت بە پرۆسەی نوێی ئەنتیگراسیۆن رایگەیاند کە مافی ژنان بێ بوونی یەپەژە مسۆگەر نابێت و دەڵیت: یەپەژە هێزێکی بنەڕەتین، پاراستنی مافی ژن دەکات.

نەغەم چاچان

 

قامیشۆ– لە ٢٧ی ئابدا یەپەژە بە ڕاگەیاندراوێک بڵاوی کردبووەوە کە وەک هێزێکی تایبەت و ڕێکخراو لەناو ژێرخانی وەزارەتی ناوخۆدا ئەنتیگراسیۆن دەکات، یەپەژە لەناو تێکۆشانی دژی تیرۆر و پاراستنی مافەکانی ژناندا خاوەن ئەزموونێکی بێوێنەیە، پاراستنی بوون، ناسنامە و خۆبەڕێوەبەری یەپەژە لەناو ئەم ئەنتیگراسیۆنەشدا مۆتکەی سەرەکییە.

 

سەبارەت بە دۆخی ئەنتیگراسیۆن و پرۆسەی نوێی ئەنتیگراسیۆن، زیلان ئاڤاشین، شەڕڤانی یەپەژە بۆ ئاژانسی ئێمەی قسەی کرد.

 

زیلان ئاڤاشین لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە تێکۆشانی یەپەژە کرد و وتی: یەپەژە هێزێکی تایبەتی ژنانە، هەروەها بۆ ئازادیی ژن و کۆمەڵگە باجی زۆر قورسی داوە، یەپەژە خاوەن ئەزموونێکی گەورەیە و بە ساڵانە لە مەیدانە هەرە سەختەکاندا شەڕی کردووە، سوپای یەپەژە لە جیهاندا دەنگی دایەوە و بوو بە سیمبولی پاراستنی مافی ژنان.

 

بە سایەی تێکۆشانی یەپەژە ژنان بوون بە خاوەن ئیرادە و رۆڵ”

زیلان ئاڤاشین ئەوەی خستە ڕوو کە تەنها بە بوونی یەپەژە مافی ژنان دەپارێزرێت و وتی: یەپەژە هێزێکی بنەڕەتین، پاراستنی مافی ژن دەکات، هەتا بە ناوی پاراستنی مافی ژن ناسراوە، هەروەها بە سایەی تێکۆشانی یەپەژە، ژنان لە کۆمەڵگە و دەوڵەتدا بوون بە خاوەن ئیرادە و ڕۆڵ، بە بوونی یەپەژە ماف و بوونی ژنان دەپارێزین.

 

”یەپەژە هەزاران ژن لە نەتەوە جیاوازەکان لە خۆ دەگرێت”

زیلان ئاڤاشین ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنانی هەموو پێکهاتەکان لەناو یەپەژەدا هەن و وتی: لە زۆرێک لە هێرش و دۆخە سەختەکاندا یەپەژە خۆی نیشان دا و رۆڵی خۆی دیاری کرد. پێش ئەوەی هێزی یەپەژە دابمەزرێت، هەزاران ژن لە بازاڕەکاندا دەفرۆشران، دەکوژران و دەستدرێژیان دەکرایە سەر، بەڵام بە دامەزراندنی یەپەژە ئەو ڕووداوانەی ژنان تووشی دەبن، ئیتر قەبووڵ ناکرێن، بە هەر شێوازێک بێت، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین مافی هەزاران و بوونی ژن مسۆگەر بکەین، ئێمە بوونی خۆمان دەپارێزین، چونکە مەترسییەکی زۆر گەورە لەسەر ژیانی ژنان هەیە، یەپەژە هەزاران ژنی لە نەتەوە جیاوازەکان لە خۆ دەگرێت.

 

”داعش دەترسان لەوەی بە دەستی شەڕڤانێکی یەپەژە بکوژرێن”

زیلان ئاڤاشین سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە یەپەژە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا، بۆ ئازادیی ژن تێدەکۆشێت و وتی: یەپەژە باجی داوە، تێکۆشان و بەرخۆدانێکی بێوێنەی بەڕێوەبردووە، لەبەر ئەمە تا ئێستا لەسەر پێیە و دەبێتە ئوموش هۆی پێداگریی ئێمە وەک هێزێکی ژن کە بتوانێت خۆی بپارێزێت، هەزاران یەپەژەیی بۆ ئەوەی ژنان بپارێزن، گیانی خۆیان بەخت کرد و بۆ ئێمە بوون بە پێشەنگ، لە ڕاستیدا لە سەرەتای دامەزراندنی یەپەژەدا ئەزموونی نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئامانجی پاراستنی مافی ژن و کۆمەڵگە بوو، چەکی هەڵگرت و لە بەرامبەر هەموو هێزە تیرۆریستییەکاندا کە مەترسییان لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکرد، شەڕیان کرد، دەیان دەوڵەت نەیانتوانی لەگەڵ داعشدا شەڕ بکەن، بەڵام یەپەژە داعشیان شکست پێهێنا، داعشییەکان دەترسان لەوەی بە دەستی شەڕڤانێکی یەپەژە بکوژرێن، ئەوەش واتای ئەوەیە کە چەندە لە هێزی ژن دەترسن.

 

”بێ ئازادیی ژن، وڵات ئازاد نابێت”

زیلان ئاڤاشین ئەوەی ئاشکرا کرد کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جەختی لەوە کردەوە، کە ئەگەر ژن ئازاد نەبێت وڵاتیش ئازاد نابێت و وتی: رێبەر ئاپۆ هەمیشە دەڵێت، ئەگەر لە وڵاتێکدا ژن ئازاد نەبێت، ئەو وڵاتە ئازاد نابێت، ڕێبەر ئاپۆ دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت لە هەر وڵاتێکدا بوون و ئیرادەی ژن هەبێت، لە هەمان کاتدا ژن خاوەن بڕیار بێت.

 

”دەبێت ژنان نەکوژرێن”

زیلان ئاڤاشین بانگەوازی لە هەموو ژنانی جیهان کرد کە پشتگیریی یەپەژە بکەن و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: ئێمە وەک سوپایەکی ژن هەرگیز زیان نادەین، ئێمە ژنان دەپارێزین، ئیرادەیان بۆ دروست دەکەین و مافیان دەپارێزین، ئامانجەکانمان دیارن، دەبێت ژنان نەکوژرێن و دەبێت بە ئازادی بژین، پێویستە هەموو ژنان پشتگیریی هێزی یەپەژە بکەن بۆ ئەوەی ئەم هێزە بتوانێت ئەم کۆمەڵگەیە بپارێزێت، لەوانەیە هەموو کەسێک نەتوانێت چەک هەڵگرێت، بەڵام بە شێوازی جیاواز دەتوانن پشتگیری بدەنە یەپەژە.