ئامارێکی سی پی تی: بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە ١٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ١٢ هاوڵاتی دیکە بریندار بوون

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، ژمارەی قوربانیانی مەدەنی و جۆر و هێرشی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕاگەیاند، کە لە ماوەی ١٠ مانگدا ١٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ١٢ هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، ژمارەی قوربانیانی مەدەنی و جۆر و هێرشی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە ساڵی ٢٠٢٣ی ڕاگەیاند، بە پێی ئامارەکەی سی پی تی لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣وە، تاوەکو ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ١٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ١٢ هاوڵاتی دیکەی مەدەنی بریندار بوون.

 

سی پی تی بەم شێوەیە ژمارەی قوربانیانی مەدەنی و جۆر و هێرشی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر هەرێمی کوردستان خستەڕوو؛

 

٦ لەو هاوڵاتییە مەدەنیانە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ٣ هاوڵاتی تر بەهۆی فڕۆکەی جەنگی و ١ هاوڵاتی تریش بەهۆی تەقینەوەی مین لەدەوروبەری یەکێک لە بارەگا سەربازییەکان شەهید بوون.

 

لەناو بریندارەکاندا، ٢ هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی تورکیا و ٩ هاوڵاتی تریش بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١ هاوڵاتی تریش بە هۆی تەقینەوەی مین برینداربوون.

 

لە ناوشەهیدەکاندا، ٣ هاوڵاتی لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارەدا و ٦ هاوڵاتی تر لەناو ئۆتۆمبێل و ١ هاوڵاتیش لە ماڵەوە بەئامانجگیراون، هەرچی بریندارەکانیشن، ٢یان لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانیاندا و ٥یان لەناو ئۆتۆمبێل و ٣یانیان لەناو کەمپی ئاوارەکانی مەخموور و ١ هاوڵاتی لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە و ١ هاوڵاتی تریش لەناو ماڵەکەی خۆیدا بە ئامانجگیراون.

 

سەبارەت بە شوێنی ڕووداوەکان و هێرشەکان بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی کە تیایدا قوربانی مەدەنی کەوتۆتەوە؛

- لە پارێزگای دهۆک ٤ شەهید و ٢ بریندار تۆمار کراون.

- لە پارێزگای هەولێر ١ شەهید و ٨ بریندار تۆمار کراون.

- لە پارێزگای سلێمانی ٥ شەهید و ٢ بریندار تۆمارکراون.

 

سوپای تورکیا، لە درێژکراوی ئۆپەراسیۆنی چنگی قوفڵدا کە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٢دا دەستی پێکرد، بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە قوڵاییەکی زیاتر و بە دووری سەدان کیلۆمەتر لە سنووری نێوان تورکیا-عێراق، سەرباری بە ئامانجگرتنی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، هاوڵاتیانی مەدەنی و گوندنشینان و جوتیارانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجدەگرێت.