کۆچبەرانی کامپی واشۆکانی: پێویستە لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکیا بکرێت
پەنابەرانی کورد و عەرەب و ئێزدی کامپی واشۆکانی کە شەو و ڕۆژ لە ژێر بارودۆخی سەختی کامپەکەدا دەژین، ئاماژەیان بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا باجی کارەکانی دەدات و لێپرسینەوە لە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەکەن.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لە ڕێگەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زۆرەملێی هەزاران کورد، عەرەب، سریانی، ئەرمەنی و ئێزدی، سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئاوارەبوون، کۆچبەرانی کامپی واشۆکانی ماوەی ٦ ساڵە بەرخۆدان دەکەن و دەیانەوێت دەوڵەتی داگیرکەری تورک سزا بدرێت.
''پێویستە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکریت"
حەسینە محەمەد کە بەڕەچەڵەک عەرەبە و لە کامپی واشۆکانی دەژی، ڕایگەیاند کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات و وتی: ئێمە لە سەرێکانی ژیاوین، کار و زەوی و ماڵی خۆمان هەبوو، مەبەستم ئەوەیە ئێمە هێرشمان نەکردە سەر کەس، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی جەنگی و چەکی قورس و چەکی قەدەغەکراو هێرشی کردە سەرمان و ناچار بووین منداڵەکانمان لە دڕندەییەکانی بپارێزین و کۆچ بکەین، ٦ ساڵە لە کامپەکەدا لە ژێر سەختترین بارودۆخدا دەژین، کێ باجی ئەمە دەدات؟ ئەمڕۆ ڕەنجی ساڵانێکمان پێشێل دەکرێت، منداڵان دەکوژرێن و هەزاران کەسیش ناچار دەکرێن کۆچ بکەن، ئەمەش پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە، ئێمە شەڕمان ناوێت، ئاشتی و شارەکەی خۆمان دەوێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارە داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەین بۆ ئەم ڕۆژە سەخت و پڕ لە ئازارانە، لێپرسینەوە لە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بکەن، ئەمڕۆ مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن و خەڵکێکی زۆر بەهۆی لەناوچوونی ڕەنج، شار و ماڵەکانیان نەخۆش کەوتن و گیانیان لەدەستدا، تا کۆتایی داوای لێپرسینەوە لە ئەردۆغان دەکەین.
"ڕەنجی سەدان ساڵان پێشیل دەکرێت"
فاتمە ئەمین، کە کوردە و لە کامپی واشۆکانی دەژی، ئاماژەی بەوەدا کە لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکیا تەنیا لە ئەمڕۆدا سنووردار نییە و وتی: دەوڵەتی تورکیا لە مێژوودا، خۆی لەسەر جینۆساید و کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوونی گەلان بونیاد ناوە، ئەمڕۆ لە مێژوودا سەیری هەر نەتەوەیەک بکەین، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبینین، بۆیە هەموو ئەو پێکهاتانەی ئەمڕۆ لەسەر ئەم خاکە دەژین داوای لێپرسینەوە لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەکەن، لە سەرێکانی ماڵ و موڵکمان هەبوو، بۆچی ئەمڕۆ لەژێر چادردا دەژین؟ ئەمە لە کوێ قبوڵکراوە؟ ئەمڕۆ ڕەنجی ساڵانمان پێشێل دەکرێت، ئەگەر ئەمڕۆ لەم جیهانه دا مافی مرۆڤ هەیە، دەبێت سەرکردەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دادگایی بکرێت، دەبێت لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو ژمارە زۆرەی ئازار و پێشێلکاری و کوشتن و کۆمەڵکوژییەدا بکرێت کە بەسەر کۆمەڵگەدا هاتووە، ئێمە جگە لە شکستپێهێنانی داگیرکاری زیاتر هیچمان ناوێت، بەڵام هەرگیز ئەم ڕۆژانە لەبیرناکەین و هەمیشە داوای لێپرسینەوە دەکەین.
"بەردەوامی فەرمانی ٧٤ لە عەفرین و سەرێکانی و شەهبا بوو"
نێڤین خابوور ژنێکی ئێزدییە و بەهۆی هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە ناچار بووە لەگەڵ خێزانەکەی لە سەرێکانی کۆچ بکەن، ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیا بە فەرمانی شەنگال ڕازی نەبووە، هەربۆیە کردەوەکانی لە عەفرین و سەرێکانی بەردەوام کردووەو وتی: بە پشتیوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک چەتەکانی داعش لە شەنگال فەرمانی ٧٤یان ئەنجامدا، لە عەفرین و سەرێکانی و شەهبا درێژەی بە پلانەکەی دا، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بووە هۆی ئەوەی ئێمە لە مافی منداڵیمان بێبەش بکرێین، بۆیە داوای لێپرسینەوە دەکەین. ئێمە منداڵین، مافی خۆمانە لە ماڵ و خوێندنگەکانمان بە ئارامی بژین، بەڵام ئەم مافانە ئەمڕۆ پێشێل دەکرێن، لە کامپەکەدا ڕووبەڕووی چەندین سەختی دەبینەوە.
لە کۆتاییدا وتی: داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی منداڵان دەکەین کە لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکیا بکەن و ئێمە بگەڕێننەوە بۆ شاری خۆمان، بۆئەوەی کە بە ئارامی بژین.