کۆچبەرانی عەفرین بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ زێدی خۆیان
کۆچبەرانی عەفرین کە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ناچاربوون بەرەو شەهبا هەڵبێن، بەهیوای گەڕانەوەن بۆ زێدی خۆیان.
سیبیلیا ئیبراهیم
ڕەققە-ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەم، ساڵڕۆژی هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکە بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، برینەکانی ئەو کۆچبەرانە کە هێشتا ئەوەندە ساڕێژ نەبوون کە بتوانن بگەڕێنەوە عەفرین، دیسان لە شەهباوە کۆچبەر بوون بەرەو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆیشتن.
لە ساڵی ٢٠١٨ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر کانتۆنی عەفرین، گەل بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بە هەموو هێز و دەرفەتی خۆی بەرامبەر دڕندەیی داگیرکاری بەرخۆدانی کرد، دەوڵەتی تورکیا لەم هێرشانەدا چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێنا، گەل دوای ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدان ناچار بوو کۆچ بکات بۆ پاراستنی کەرامەتی خۆی.
لە ساڵانی داگیرکردنی عەفرین، ڕووداوی کوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژی و تاڵانکردن و دزیکردن لە عەفرین لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لەدژی ئەو کەسانە ڕوویاندا کە لەسەر خاکەکەیان مابوونەوە، ئیرادە و بەرخۆدانی گەل لە شەهبا دژی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان بوو، بۆیە ئەمجارە دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر کۆچبەرانی شەهبا و جارێکی دیکە کۆچیان کرد بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. هەندێکیان سەرەڕای سەختییەکانی ژیان، لە شارەکانی ڕەققە و تەبقا بەردەوامن لە بەرخۆدان.
کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجام دەدەن
مەریەم بیلال، هاوسەرۆکی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی عەفرین باسی لە دۆخی کۆچبەریی و بەرخۆدان کردو وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەوڵی نوێکردنەوەی داگیرکاری عوسمانی دەدات بە داگیرکردنی ناوچەکانی سووریا و گۆڕینی دیمۆگرافیای سووریا، ئاڵوگۆڕی دیمۆگرافی زۆر لە عەفرین ڕوویداوە، هەر لە وێرانکردنی شوێنە مێژووییەکانەوە تا قەدەغەکردنی زمانی کوردی و سەپاندنی زمانی تورکی لە شوێنیدا، بەمەش دەیەوێت خەونەکانی عوسمانی لە ناوچەکەدا بەدیبهێنێت، لە هەمانکاتدا بە درێژایی ساڵانی داگیرکاری لە دژی خەڵکی ناوچەکە و ژنان درێژە بە کارەکانیان دەدەن، ڕفاندن و کوشتن و دەستدرێژی و دەستبەسەرکردن و بێ وەستان بەردەوامە، تەنانەت سروشت و دار زەیتونیش پشکی خۆیان لەم کارانە وەرگرتووە.
"تێکۆشان بەردەوام دەبێت تا داگیرکاری تێکدەشکێت"
مەریەم بیلال ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا جارێکی دیکە لە ڕێگەی هێرشەکانییەوە کۆچبەرانی عەفرینی کۆچبەر کردووە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دوای داگیرکردنی عەفرین، دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر شەهبا و کامپەکانی کۆچبەران ڕانەگرت تا کۆچبەران جارێکی تر کۆچیان کرد، لە بەرامبەر هەموو جۆرە سەختی و کۆچبەرییەکدا خاوەن ئیرادەو بەرخۆدانین، ئێمە هەرگیز ڕادەست بوون قبوڵ ناکەین، تا داگیرکەری تێکبشکێنین، هەرگیز لە خەباتی خۆمان ناوەستین.
"لە ناو سەختییەکانی ژیاندا بەرخۆدان بەردەوامە"
نەعیمە ڕەشۆ، کۆچبەرێکی خەڵکی جندرێسی عەفرین، وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئێمەی لە عەفرین کۆچبەر کردو لە شاهبا بەردەوام بووین لە بەرخۆدانمان بە هیوای گەڕانەوە بۆ عەفرین، ەناو سەختییەکانی ژیاندا، لە زستانی سەختەوە تا هێرشەکان و گەمارۆدانی ناوچەکە، بەرخۆدانێکی گەورەمان ئەنجامدا، لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا جینۆسایدی لە دژی ئێمە ئەنجامدا، ناچار بووین بەرەو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڕۆین، لە پێناو پاراستنی کەرامەتی خۆمان کۆچمان کرد.
هێشتا هیوای گەڕانەوەیان لەدەست نەداوە
نەعیمە ڕەشۆ ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە تا ئێستا ڕۆژانە لەگەڵ مەرگ و سەختییەکانی ژیاندا دەژین، ئێمە کوردین و هەمیشە بۆ دۆزی خۆمان خەبات دەکەین، هیوای گەڕانەوەمان بۆ عەفرین بە شەرەفەوە بەهێزە، داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین ڕێگری لە کردەوە و تاوانەکانی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بکەن.