کاردانەوە بەرامبەر بە ڕیکلامی "خەتەنەکردنی مێینە" لە زیادبووندایە

TTB، EŞİK و بارۆی وان داوای لێکۆڵینەوەیان لە پزیشکێک کردووە کە بەناوی "خەتەنەکردنی مێینە"دا لە میدیای دیجیتاڵیدا پەرەی بە خەتەنەکردنی ئەندامی زاوزێی ژنان داوە. ڕێکخراوەکان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم کارە جۆرێکە لە توندوتیژی دژی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

کاردانەوەکان دژی پەرەپێدانی خەتەنەکردنی مێینە بەناوی "خەتەنەکردنی مێینە" لە میدیای دیجیتاڵیدا زیاتر دەبێت، سەندیکای پزیشکانی تورکیا "TTB"، پلاتفۆرمی ژنان بۆ یەکسانی "EŞİK" و سەندیکای پارێزەرانی وان ئەم کارەیان بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و توندوتیژی دژی ژنان ناوبرد و داوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی کارگێڕی و دیسپلینیی و دادوەرییان لە دژی ئەو بەرپرسانە کرد.

 

"لەگەڵ پیشەی پزیشکیدا ناگونجێت"

سەندیکای پزیشکانی تورکیا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی دیسپلینی لەلایەن ژووری پزیشکی پەیوەندیدارەوە دەستیپێکردووە دژی ئەو کەسەی کە ئەم کارەی لە دیجیتاڵ میدیادا پەرەی پێداوە، خەتەنەکردنی مێینە پێویستیەکی پزیشکی نییە و هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، ئەم کارە لەلایەن هەردوو ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تەندروستی و مافی مرۆڤەوە ڕەتدەکرێتەوە، ئەمە لەگەڵ پیشەی پزیشکیدا ناگونجێت.

 

"خەتەنەکردن تاوانە"

پلاتفۆرمی ژنان بۆ یەکسانی "EŞİK" ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم جۆرە دەستێوەردانانە بۆ سەر جەستەی ژنان، چ بە هۆکاری ئابووری یان ئایینی، سەپاندنی پیاوسالاری و تاوانێکی گەورەیە. ئەو پلاتفۆرمە کە لایەنێکە لە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک لە دژی ژنان (سێداو) و ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵی تورکیا، دەوڵەت بە بەرپرسیار دەزانێت لە ڕێگریکردن لەم کارانە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە تاوانی خەتەبڕکردنی قورسە بەپێی یاسای سزادانی تورکیا.

 

ڕاشیگەیاند کە بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن ژن لە جیهاندا خەتەنە کراون و تەنها لە ساڵی ٢٠٢٦دا چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵی کچ لە مەترسیدان. داوای لە وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و وەزارەتی داد و وەزارەتی تەندروستی کرد، ڕیکلام قەدەغە بکەن و ڕێکاری یاسایی دژی بەرپرسان دەستپێبکەن، هەڵمەتێکی هۆشیاری نیشتمانی بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە دەستپێبکرێت.

 

"پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا دەست پێبکرێت"

ناوەندی مافی ژنان لە سەندیکای پارێزەرانی وان سەبارەت بە پۆستە دیجیتاڵ میدیاییەکانی ئەو پزیشکەی کە لە ئاگری کاردەکات، ڕایگەیاندووە، خەتەنەکردنی مێینە هێرشێکی جددییە بۆ سەر یەکپارچەیی جەستەی ژنان و منداڵاانی کچ و یەکێکە لە جۆرە جددیەکانی توندوتیژی جێندەری لە کۆمەڵگەدا، قبوڵ کراو نییە پزیشکێک پاساو بۆ ئەم کارە بهێنێتەوە و ڕیکلامی بۆ بکات بە پشتگوێخستنی سوێندخواردنی هیپۆکراتی و ئەخلاقی پزیشکی، دەبێت دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی کارگێڕی و دیسپلینیی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و ژوورەکانی پزیشکانەوە دەستپێبکرێت، لێکۆڵینەوەی دادوەری لە لایەن سەرۆکی داواکاری گشتیەوە بە پێی یاسای سزادانی تورکیا دەستپێبکات.