جەژنی جمای شێشەمس لە شەنگال بەڕێوەچوو

ژنانی ئێزدی کە بەشدارییان لە جەژنی جمای شێشەمسدا کردووە، دەریانخستووە کە ساڵی داهاتوو دەیانەوێت ئەو ئێزدیانەی لە دەستی داعشدان ئازاد بن و لە کاتی جەژنی جەمادا لە نێو گەلەکەیاندا بن.

شەنگال  

 

لە باوەڕی ئێزدیدا شێشەمس خوداوەندی سروشت و شەو و ڕۆژە، ئەمساڵ هەزاران کەس بۆ پیرۆزکردنی جەژنی جەمای شێشەمس ڕوویان لە گوندی چەفری کرد، جەژن لە ڕۆژی دووەمدا بە چوونە سەر قوبە پەری کۆتایی هات. 

  

ژنانی ئێزدی کە بەشدارییان لە پیرۆزبایی جەژنی جمای شێشەمسدا کردبوو، قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد. 

  

"جل و بەرگی سپی هێمای ئێمەی ئێزیدییە" 

شێرین سیلێمان لە شەنگالەوە سەرەتا پیرۆزبایی جەژنی جمای شێسەمسی لە هەموو ئێزیدییەکان کرد و وتی: سیمایە بۆ ئێمەی ئێزدیەکان زۆر گرنگ و پیرۆزە، بەو پێیەی ڕۆژی چوارشەممە، یەکەم ڕۆژی مانگی نیسان، هەروەها لەم مانگەدا، مانگی نیسان بە تایبەتی پیرۆزە، دەبێت جل و بەرگی سپی لەبەر بکەین بۆ گۆڕستان و شوێنە پیرۆزەکانمان، چونکە ئەمانە داب و نەریتی ئێمەن. هەرکەسێک بێت دێت بۆ شوێنە پیرۆزەکان دەبێت جلو بەرگی سپی لەبەر بکات چونکە جل و بەرگی سپی هێمای ئێمەی ئێزدییە. 

 

"ڕۆژێکی جوان و پیرۆزە" 

خەزال ئوسۆ سەبارەت بەو جەژنە ڕایگەیاند کە ڕۆژێکی جوان و پیرۆزە، و پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە هەموو ئێزدییەکان دەکات و وتی: هیوادارین لە جەژنەکانی ساڵی داهاتوودا هەموو ئێزدییەکان کە لە دەستی داعشدان لە نێوماندا بن، بە تایبەت ژنانی ئێزدی. جگە لەوەش پێویستە ئێزدییەکانی ناو کامپەکانیش بگەڕێنەوە ماڵ و شوێنەکانی خۆیان. لەم ڕۆژانەدا ئێزیدییەکان جل و بەرگی سپی لەبەر دەکەن و لە ڕۆژی یەکەمدا خەڵک دێن، خواردن ئامادە دەکەن و خێر بۆ مردووەکانیان دەکەن، ل ڕۆژی دووەمدا هەمووان دەچنە قوبە پەری و نزا دەکەن. 

  

هیوا و خواستی ئێزدییەکان 

خەزال ئوسۆ لە کۆتایی قسەکانیدا هیوا و خواستی خۆی دەربڕی کە هەموو ئێزدییەکان بە تایبەتی ئەوانەی لە لایەن داعشەوە بەڕێوەدەبرێن، لە ساڵی داهاتوودا لە کاتی جەژندا لەنێو گەلەکەیاندا بن و پێکەوە جەژن بەڕێوەببەن.