پاکێجێکی پەروەردەیی بە ناوی "یەکەم هاوڕێکان" گەیشتە منداڵان

پاکێجی پەروەردەیی بەناوی "یەکەم هاوڕێکان" کە بۆ فیربوونی زمانی کوردییە، بە بەشداریی مامۆستایان و نووسەرانی کوردی لە شاری سنە پیشکەش کرا.

ژونا ئەردەڵان

 

سنە- لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاکێجێکی پەروەردەیی بە ناوی "یەکەم هاوڕێکان"، کە لە پەرتووک و سی دی پێکهاتووە بۆ فێرکردنی زمانی کوردییە، لە مەراسیمێکدا بڵاو کرایەوە، کە ئامانجی فێربوونی زمانی کوردییە لەلایەن منداڵانی ٣-٤ ساڵەوە.

 

لە مەراسیمێکدا لە قاوەخانەی کالی سنە بە بەشداریی نووسەران و مامۆستایانی کورد پاکێجی پەروەردەیی "یەکەم هاوڕێکان" بڵاو کرایەوە، پەرتووکەکە لەلایەن سارا ئەحمەدزادە نووسراوە و نیرڤان ڕەزای و چیا فەتحی سەرپەرشتی پڕۆژەکەن و پێشتر لە شارەکانی بۆکان، سەقز و مەریوان بڵاوکراوەتەوە و لە شاری سنەش مەراسیمی بڵاوکردنەوەی بۆ ڕێکخرا.

 

یەکەمین پاکێجی پەروەردەی کوردییە لە ئێران

زنجیره پەرتووکی پەروەردەی کوردی "یەکەم هاوڕێکان" بەپێی ستانداردەکانی پەروەردەی زانکۆی ئۆکسفۆرد بەرهەمهێندراوە و یەکەم پەروەردەی زمانی کوردییە لە ئێران، لە بنەڕەتدا لەسەر پەرتووکی ئینگلیزی بە ناونیشانی "دۆستە یەکەمەکان" بڵاوکرایەوە، نزیکەی سێ ساڵ ئامادەکاری بۆ کراوە کە سێ پەرتووک و سی دی تێدایە لەسەر سێ ئاست.

 

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئەو پاکێجە پەروەردەییە بە زمانەکانی دیکەی زمانی کوردی، کرمانجی، کەلهوڕی و هەورامی ئامادە بکرێت، ئەو کەسانەی کە لە ئامادەکردنی پاکێجەکە کاریان کردووە، ئامانجیان فێرکردنی منداڵانە بە زمانی دایکیان و هێشتنەوەی زمان و کولتووری کوردییە.