دەوڵەتی تورکیا بەهۆی کاردانەوەکانەوە چەتەیەکی داعشی دەستگیر کرد

دەوڵەتی تورکیا لە وەڵامی ناڕەزایەتییەکاندا هەنگاوێکی بۆ دواوە گەراندەوە و ڕایگەیاند، سەباح عەلی ئۆروچ هەڵهاتووی داعش کە منداڵە کچە ئێزیدیەکەی ڕفاندووە و لە ئینتەرنێت 'بۆ فرۆشتن خستووەتە بازاڕەوە'، دەستگیرکراوە و منداڵەکەش گواستراوەتەوە بۆ ناوەندی پاراستن.

ئەنقەرە

 

پارێزگاری ئەنقەرە لێدوانێکی لەبارەی ئەو کچە ئێزیدییە دا، کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندرا و لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بۆ فرۆشتن نمایشکرا، پارێزگار ڕایگەیاندووە، ئەو منداڵە کچە ئێزیدییە بردراوەتە ناوەندی پاراستن و سەباح عەلی ئۆروچی چەتەی داعش دەستگیر کراوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دوای ئەوەی لە دیجیتاڵ میدیاکان زانیاری لەسەر فرۆشتنی منداڵێکی کچی ئێزیدی بڵاوکرایەوە، بەشی پۆلیسی ئەنقەرە، ئەو هاوڵاتییە عێراقییەی دەستگیر کردووە کە کچە ئێزیدییەکەی بە ناوی “ا. س. ع” لەگەڵدا بووە، و  منداڵە کچە ئێزیدییەکە “ا. س. ع” لەژێر پاراستنی دەوڵەتدایە.

 

ئەو منداڵانە دراوە بە بنەماڵەی داعش

ڕۆژنامەی ئارتی گێرچەک بە بەڵگەنامە بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنێت، ئەو منداڵە کچە ئێزیدییە لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن داعشەوە ڕفێندراوە بۆ تورکیا، دواتر لە ڕێگەی ئینتەرنێت (دارک وێب)ەوە ڕیکلامی فرۆشتنی بۆ کراوە و لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢١دا لە خانەی حوجرە ڕزگار کرا و ڕادەستی بنەماڵەی سەباح عەلی ئۆروچ هەڵاتووی داعش کرا.

 

لەو هەواڵەدا ئاشکرا بوو، دۆسیەیەک لە دژی ئەو ئەندامە داعشە تۆمارکراوە کە بە قاچاخ ئەو منداڵە کچە ئێزیدییەی گەیاندووەتە تورکیا، بە پێشینەی تۆمەتی "بازرگانی نێودەوڵەتیی مرۆڤ"م ئەو منداڵە کە بۆ پاراستنی دراوە بە وەزارەتی خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی، لە کۆتایی هەفتەدا لە کاتی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا ڕادەستی تۆمەتباران کراوە.