هێشتا بە ملیۆنان منداڵ لە پاراستن بێبەشن
ڕاپۆرتی نوێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێف ئاشکرایدەکات، سەرەڕای ئەوەی لەساڵی ٢٠٢٥ ڕێژەی کوتانی منداڵان تا ڕادەیەک باشتر بووە، بەڵام بەردەوامی شەڕەکان، کەمبوونەوەی هاوکارییە داراییەکان و نەخۆشییە گوازراوەکان هەرەشە لە ملیۆنان منداڵ دەکات.
ناوەندی هەواڵ
سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٥دا ڕێژەی کوتانی منداڵان لەسەرانسەری جیهاندا تا ڕادەیەک باشتر بووە، بەڵام هێشتا بە ملیۆنان منداڵ بێبەشن لە پاراستنی بنەڕەتی دژی ئەو نەخۆشیانەی کە دەکرێت ڕێگرییان لێ بکرێت. ئەم پاشەکشە و مەترسییە بەهۆی بەردەوامیی شەڕە چەکدارییەکان، کەمبوونەوەی هاوکارییە داراییە نێودەوڵەتییەکان و سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی چەند نەخۆشییەکی گوازراوە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا دەبینرێت.
بەپێی دوایین خەمڵاندنەکانی کوتان کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی "WHO" و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "UNICEF" بڵاوکراونەتەوە، نزیکەی ٩٠٪ی کۆرپەلەکان لە جیهاندا نزیکەی ١١٦ ملیۆن منداڵ تا ساڵی ٢٠٢٥ لانی کەم یەک ژەمە کوتانی سێقۆڵییان دیفتیریا، تیتانۆس و کۆکەڕەشە وەرگرتووە. نزیکەی لەسەدا ٨٥ی بەشداربووان توانیویانە سێ ژەمە پێشنیارکراوەکە تەواو بکەن، ئەمەش نیشانەی پێشکەوتنێکی سنووردارە لە هەوڵەکانی فراوانکردنی دڵنیایی تەندروستیدا.
بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەم پێشکەوتنە هێشتا لاوازە. ئەوان هۆشداری دەدەن کە ئەو دەستکەوتانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستهاتوون، بەهۆی ئەو قەیرانە زۆرانەی کە ڕووبەڕووی سیستمەکانی تەندروستی دەبنەوە بەتایبەت لەو وڵاتانەی بەدەست شەڕ و ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنن ڕووبەڕووی پاشەکشە ببنەوە.
پێشکەوتنی سست و ڕێگرییەکانی بەردەم ئامانجەکانی ٢٠٣٠
سەرۆکی بەرنامەی کوتانی جیهانی لە یونیسێف ئاماژەی بەوە کرد کە باشتربوونی ئێستا زۆر لاوازە و دەکرێت بە خێرایی پێچەوانە بێتەوە. ئاشکراشی کرد کە ژمارەی ئەو منداڵانەی هیچ ژەمە کوتانێکیان وەرنەگرتووە، لە ١٤.٢ ملیۆن منداڵەوە لە ساڵی ٢٠٢٤، کەمبووەتەوە بۆ ١٣.٥ ملیۆن منداڵ لە ساڵی ٢٠٢٥دا. بەڵام ئەم ژمارەیە هێشتا بە نزیکەی چوار ملوێن منداڵ بەرزترە لەو ئاستەی کە پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی کەمکردنەوەی ژمارەی منداڵانی نەکوتراو بۆ نیوە تا ساڵی ٢٠٣٠ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩.
سێبەری شەڕ و قەیرانەکان: منداڵانی ناوچەکانی ململانێ لەژێر مەترسیدان
بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوە تەندروستییەکان، زیاتر لە نیوەی ئەو منداڵانەی لە جیهاندا نەکوتراون، لەو وڵاتانەدا دەژین کە بەدەست ململانێی چەکداری یان قەیرانی ئەمنییەوە دەناڵێنن، لە سەرووی هەمووشیانەوە وڵاتانی وەک سووریا، یەمەن، سودان و فەلەستین، سەرەڕای ئەوەی ئەم وڵاتانە تەنها نزیکەی سێیەکی کۆی لەدایکبوونی جیهان پێکدەهێنن. بەرپرسانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی شەڕەکان لەسەر توانای حکومەتەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ گەیشتن بە منداڵان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستی نیشان دەدات.
کەمبوونی بودجە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی پەتای نوێ لە ٢٠٢٦دا
کێشەکان تەنها بە ململانێکانەوە سنووردار نین. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی "WHO" ڕایدەگەیەنێت کە کەمکردنەوەی هاوکارییە داراییە نێودەوڵەتییەکان کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا دەستیپێکردووە، هێشتا کاریگەرییە ڕاستەقینەکانی بە تەواوی لە ئامارەکانی ئێستادا دەرنەکەوتووە. بەڵام ئەم کەمکردنەوەی بودجەیە نیگەرانی جدی لەسەر داهاتووی بەرنامەکانی کوتان لە ساڵی ٢٠٢٦دا دروست دەکات؛ بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هاوکارییە دەرەکییەکان دەبەستن.
بەڕێوەبەری بەشی کوتان و زیندەوەرە بایۆلۆژییەکان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند کە جیهان ئێستا بەدەست کەموکوڕی ڕاستەقینە لە سیستمەکانی کوتاندا دەناڵێنێت و هۆشداریدا کە دەرئەنجامەکانی ئەم کەموکوڕییانە لە قۆناغی داهاتوودا زیاتر دەردەکەون، بە ئەگەری زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێکخراوەکە لە ئێستاوە دەستی بە چاودێریکردنی کاریگەرییەکانی دابەزینی بەرگری تەندروستی کردووە، کە لە شێوازی زیادبوونی پەتای نەخۆشییەکانی وەک سورێژە، دیفتیریا و کۆلێرادا خۆی.
شارەزایانی تەندروستی گشتی پێیان وایە کە بەردەوامیی ململانێکان، کەمبوونی بودجە و سنوورداریی گەیشتن بە ناوچە زیان لێکەوتووەکان، پێکەوە هەڕەشە لە هەوڵە جیهانییەکان دەکەن بۆ پاراستنی منداڵان لە نەخۆشییە گوازراوەکان. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە هەر پاشەکشەیەک لە بەرنامەکانی کوتاندا دەبێتە هۆی لەدەستدانی ساڵانێکی زۆری پێشکەوتنی تەندروستی لەسەر ئاستی جیهان.