هۆشداری لە خراپتربوونی مەترسی ئیفلیجی منداڵان لەگەڵ فراوانبوونی بۆشایی کوتان لە یەمەن دەدرێت

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری داوە لە پەرەسەندنی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵانی گۆڕاو لە یەمەن و قرنی ئەفریقا، ئەمەش لە کاتێکدایە کەلێنی کوتان و ئاستەنگە ئەمنییەکان بەربەستن بۆ دەستڕاگەیشتن بە ڤاکسین بۆ ملیۆنان منداڵ.

ناوەندی هەواڵ

 

فراوانبوونی بۆشایی بەرگری لە یەمەن، هەوڵەکانی کوتان لاواز دەکات و گەیشتن بە منداڵان قورس دەکات، ئەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی ناوچەیی ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵانی وەرگیراو لە ڤاکسین زیاد دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پۆلێنکردنی وڵاتەکە وەک ناوچەیەکی مەترسیدار بۆ ڤایرۆسەکە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشدارییەکانی خۆی سەبارەت بە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵانی وەرگیراو لە یەمەن و قرنی ئەفریقا بەرزکردووەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی فراوانبوونی کەلێنی کوتان و خراپتربوونی دۆخی مرۆیی و ئەمنی کە ڕێگری دەکات لە دەستڕاگەیشتن بە ڤاکسین بۆ ملیۆنان منداڵ.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ٢٦ی ئاب لە دوایین ڕاپۆرتی لیژنەی فریاکەوتنی خۆیدا دوای ٤٥ەمین کۆبوونەوەی خۆی ڕایگەیاند، کە زیاتر لە ٤.٥ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە یەمەن کوتانی ئیفلیجی منداڵانی دەمی بە تایبەتی لە پارێزگاکانی باکوور بە هۆی کێشەکانی دەستڕاگەیشتن و سنووردارکردنی ئەمنیەوە وەرناگرن.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم دۆخە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵانی جۆری دوو زیاد دەکات، لە کاتێکدا ڕێکخراوەکەی یەمەن وەک ناوچەیەکی مەترسیدار بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پۆلێن دەکات، بەتایبەتی بەرەو قرنی ئەفریقا.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاڵەنگاریەکان تەنها لە هەڵمەتەکانی کوتاندا سنووردار نین، گواستنەوەی نموونەکانی حاڵەتەکانی ئیفلیجی توند لە یەمەن ڕووبەڕووی کێشەی لۆژستی دەبێتەوە کە ڕێگری دەکات لە گەیاندنیان لە کاتی خۆیدا لە ڕێگەی ئاسمانییەوە بۆ تاقیگەکان بۆ پشکنین و هەڵسەنگاندن، مە ئەمەش وەڵامدانەوەی تەندروستی و چاودێریکردنی ڤایرۆسەکان زیاتر ئاڵۆز دەکات.

 

لەبەر ڕۆشنایی ئەم دۆخە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای لابردنی ئاستەنگە ئەمنییەکانی بەردەم گروپەکانی کوتان و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنیان بە منداڵان کرد، بە لەبەرچاوگرتنی فراوانکردنی ڕووماڵی کوتان وەک ئامرازی سەرەکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و پاراستنی ئەو گروپانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

 

هۆشدارییەکە لە کاتێکدایە کە یەمەن ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی درێژخایەن بووەتەوە کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی لاوازکردووە و توانای کەرتی تەندروستی زیاتری سنووردار کردووە بۆ گەیشتن بە منداڵان، کەلێنی بەرگری جەستەی فراوانتر کردووە و ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بۆ ناوچەکانی دیکەش زیادکردووە.

 

لە کاتێکدا ڕێکخراوەکە بەردەوامە لە چاودێریکردنی دۆخی نەخۆشیەکە، دەستڕاگەیشتن بە منداڵان بە پارێزراوی، خێراکردنی هەڵمەتەکانی کوتان، بەهێزکردنی تواناکانی پشکنینی تاقیگەیی، هێشتا گرنگن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی مەترسییەکانی ئێستا بۆ بڵاوبوونەوەی ئیفلیجی منداڵان لە یەمەن و ناوچەکە.