هەر ٦ خولەک جارێک دەستدرێژی زایەندی لە بەڕازیل تۆمار دەکرێت

بەرازیل ژمارەیەکی پێوانەیی لە تاوانەکانی دەستدرێژی تۆمارکردووە، کە ٨٨%ی ئەو تاوانانە ژنان و منداڵانی کچی خوار تەمەنی ١٤ ساڵان بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرا کراوە، لە ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی تاوانەکانی دەستدرێژی زایەندی لە بەرازیل بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٦.٥% زیادی کردووە، واتە لە هەر ٦ خولەکێکدا یەک تاوان، لە کاتێکدا بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک ژمارەی کوشتنەکان کەمیکردووە.

 

ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆڕبەندی ئاسایشی گشتی بەڕازیل پشتڕاستی کردەوە کە زیادبوونی تاوانەکانی دەستدرێژی زایەندی گەیشتە ٩١.٥% بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١١، بە بەردەوامی بەردەوام بوو لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا، وەک بەرازیل، گەورەترین وڵات لە ئەمریکای لاتین، شایەتحاڵی بوو لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٨٣ هەزار و ٩٨٨ حاڵەتی دەستدرێژی زایەندی تۆمارکراوە.

 

ئەمە ژمارەیەکی پێوانەییە لەو کاتەوەی ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠١١ دەستیکردووە بە تۆمارکردنی زانیارییەکان بە پشتبەستن بە تۆمارەکانی پۆلیس و بەپێی ڕاپۆرتەکەش ژنان ٨٨.٢%ی زیانبەرکەوتووی دەستدرێژیکردنەکان پێکدەهێنن.

 

سەمیرە بوینو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە ڕوونیکردەوە، زیادبوونی حاڵەتەکانی تۆمارکراو لە بنکەکانی پۆلیس، "هۆشیاری زیاتر" و ئازایەتی زیاتر لە لایەن زیانبەرکەوتووان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا نیشاندەدات، بەو پێیەی زۆرینەیان منداڵن، ئەم جۆرە توندوتیژییە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر دووبارە ببێتەوە پێش ئەوەی ئاشکرا ببێت.

 

سەبارەت بە کوشتنەکان، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا کەمیکردووە لە خوار ئاستی ٤٧ هەزار کەسەوە بۆ یەکەمجار لە سەرەتای سەرژمێرییەوە کە ١٣ ساڵ لەمەوبەر بووە، بەو پێیەی کۆی گشتییان گەیشتووەتە ٤٦ هەزار و ٣٢٨ کەس، واتە بە ڕێژەی ٣.٤% کەمیکردووە، ئەمەش سێیەم کەمبوونەوەیە لەسەریەی.

 

 سەرۆکی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، بەڕازیل کە ٣%ی دانیشتووانی جیهانی هەیە، نزیکەی ١٠%ی هەموو ئەو کوشتنانەی لە جیهاندا ئەنجام دەدرێن پێکدەهێنێت.