"هەنگاوی نێودەوڵەتی بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی وریشە مورادیمان دەوێت"

کۆمیسیۆنی ژنانی ئەنجومەنی نیشتمانی خۆڕاگری ئێران بە توندی "سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی لە لایەن دەزگای قەزایی جەلادەکانەوە" ئیدانە دەکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

کاردانەوەکان لە دوای دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ئەڤین و چالاکی مافی ژنان بەردەوامە.

 

لە درێژەی ئەم کاردانەوەیانەدا، کۆمیسیۆنی ژنانی ئەنجومەنی نیشتمانیی خۆڕاگری ئێران لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەم ڕێکخراوە بە توندی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی لە لایەن دەزگای قەزایی جەلادەکانەوە شەرمەزار دەکات و خوازیاری کردەوەی نێودەوڵەتی بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی ناوبراوە.

 

تێیدا هاتووە: دادوەر سەلواتی جەلاد لە١٠ی تشرینی دووەمی ساڵی٢٠٢٤ لە دادگای ئێرتجاعی لە تاران سزای لەسێدارەدانی بۆ وریشە بە تۆمەتی "یاخیبوون" سەپاند.

 

دانیشتنەکانی دادگایی کردنی وریشە مورادی لە نێوان ٢٧ی حوزەیران و ١٤ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەچوو، ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی تشرینی دووەم، لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی لە تارانی پایتەختی ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبو ئەلقاسم سەلواتی، سزای لەسێدارەدانی بەسەر چالاکوانی کورد وریشە مورادی سەپاند.