هەڵمەتێکی واژۆکردن بۆ پەخشان عەزیزی دەستیپێکرد
هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی واژۆکردن لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بۆ پەخشان عەزیزی، زیندانی کورد کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، دەستیپێکردووە.

ناوەندی هەواڵ
شەشەمین خۆپیشاندانی "شەممەی نا بۆ لەسێدارەدان" لەم هەفتەیەدا بۆ تیشک خستنە سەر بارودۆخی نالەباری ژنانی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کە لە ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، بەڕێوەچوو.
لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا، هەڵمەتێکی واژۆکردنی نێودەوڵەتی بۆ پەخشان عەزیز دەستیپێکرد، کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
بەشداربووان ڕای گشتییان ئاگادار کردەوە و داوای پشتیوانییان لە دژی سیاسەتە ستەمکارەکانی دەوڵەتی ئێران کرد.
لە ستاندەکەدا لێدوانێک درا و ڕاگەیەندرا کە پێویستە دەستبەجێ بڕیارەکان سەبارەت بە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و شەریفە محەمەدی هەڵبوەشێندرێنەوە.
پەخشان عەزیزی لە ٤ی ئابی ٢٠٢٣ لە تاران دەستبەسەر کرابوو، لە ١١ی کانوونی دووەمدا فەرمانی دەستبەسەرکردن دەرچوو، و لە ٢٣ی خاکەلێوەی ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
لە وتارەکانی ئەو چالاکییەدا ڕاگەیەندرا کە ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە.
هەروەها ڕاگەیەندرا کە مەترسی لەسێدارەدان لە دژی وریشە مورادی وپەخشان عەزیزی وشەریفە محەمەدی هەیە و داوا کرابوو دەستبەجێ سزای لەسێدارەدان هەڵبوەشێندرێتەوە. لە چالاکییەکەدا داوا لە هەموو لایەک کرا دەنگی خۆیان بۆ دادپەروەری بەرز بکەنەوە.