بەسیمە عەبدولڕەحمان وەک یەکێک لە ١٠٠ ژنی کاریگەری جیهان هەڵبژێردرا

بە پێی ڕیزبەندییەکی دامەزراوەی بی بی سی، ژنێکی کورد وەک یەکێک لە ١٠٠ ژنی کاریگەری جیهان دیاری دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ دامەزراوەی پەخشی “بی بی سی”، ناوی ١٠٠ ژنی چالاک و کاریگەری بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە، کە لەسەر ئاستی جیهانیدا لەناو ژنانی سیاسی و هونەرمەند و وەرزشەوان و چالاكوان و داکۆکیکار لە مافی کەمینەکان و ژنان هەڵبژێردراون.

 

بەسیمە عەبدولڕەحمان ژنێکی کوردە و دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ئاژانسی “کەسک”ە بۆ ڕاوێژی بیناسازیی و بەکارهێنانی وزەی سەوز (نوێبووەوە) لە عێراق، یەکێکە لەو ١٠٠ ژنی وەک یەکێک لە ژنە کاریگەرەکانی ساڵ هەڵبژێردراوە.

 

بی بی سی لەبارەی بەسیمە عەبدولڕەحمانەوە نووسیوویەتی: بەهۆی شەڕەوە زۆرێک لە شارۆچکەکانی عێراق وێران بوون، بەڵام کاتێک بەسیمە عەبدولڕەحمان دوای ماستەرەکەی لە ئەندازیاری پێکهاتەیی گەڕایەوە، شێوازێکی جیاوازی بۆ هاوکاریی پێشخست و کەسک-ی دامەزراند کە یەکەم هەنگاوە لە عێراقدا بەرەو درووستکردنی خانوو و باڵەخانەی دۆستی ژینگە و بەکارهێنانی خۆر وەک سەرچاوەی بەدەستهێنانی وزە.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، بەسیمە بە شێوەیەک کار دەکات، کە بیناسازی و بوارەکانی پڕاکتیزەکردنی کاریگەریی نەرێنییان لەسەر خۆشگوزەرانی و ژیانی نەوەکانی داهاتوو نەکەن.

 

هەروەها لەناو ١٠٠ ژنی کاریگەری ساڵی ٢٠٢٣ لە جیهاندا، هەریەک لە ژنانی نیپاڵی، پاکستانی، ئەفغانی، غانایی، ئیکوادۆر، میانمار، هیندستان، مۆزەمبیق، بەنگلادیش، تاجیکستان، قیرغیزستان، سەحرای عەرەبی، کینیا، ئێران و چەندین وڵاتی دیکە هەن.