هند سەبری بەهۆی بێدەسەڵاتی بەرامبەر غەززە دەستی لەکار کێشایەوە

هند سەبری، هونەرمەند، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند، بەهۆی کێشاوەتەوە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە برسێتی غەززە و سەپاندنی گەمارۆکە وەک چەکی شەڕ دژی خەڵکی مەدەنی.

ناوەندی هەواڵ

 

هند سەبری، هونەرمەند و باڵیۆزی نیازپاکی لە بەرنامەی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم دواییانەدا لە ڕێگەی پۆستەکانی لە ئەکاونتی تۆڕی کۆمەڵایەتییەکانی چالاکانە پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین دەکرد، دوێنێ لە ڕاگەیەندراوێکیدا باسی لەوەکرد، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی بێدەسەڵاتی هاوکارەکانم لە پڕۆگرامی بەرنامەی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر بە دۆخی غەززە بووم و باسمکرد کە ناتوانن ئەرکی خۆیان بە تەواوی بەرامبەر بە منداڵان، دایکان، باوکان و باپیران جێبەجێ بکەن، ئەوان لەناو شەڕێکدا کە بەزەیی بە مەدەنیدا نایەتەوە، ناتوانن وەک هەمیشە خزمەت بکەن.

 

هەوڵمدا دەنگم بگەیەنمە بەرزترین ئاست لە پرۆگرامی خۆراکی جیهانی و بەشداری هاوکارەکانم بکەم لە داوای بەکارهێنانی هێزی پرۆگرامەکە، وەک چۆن لە ڕابردوودا بە سەرکەوتوویی کردبووی، تا شەڕی سەر غەززە بوەستێنێت و هێزە هێرشکارەکان برسێتی وەک چەکێکی جەنگ بەکارنەهێنن".

 

هند سەبری ئاماژەی بەوەشکرد، "ئیسرائیل برسێتی و گەمارۆدان وەک چەکی جەنگی بەکارهێناوە بۆ ماوەی ٤٨ ڕۆژ لە دژی زیاتر لە دوو ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی لە غەززە، کە چەکێکە تا ئێستا زیاتر لە ١٤ هەزار کەسی کوشتووە، و زیاتر لە یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسی بێ ماڵ و حاڵ کردووە، ئەمە جگە لە وێرانکردنی نیوەی بیناکان و بۆردومانکردنی نەخۆشخانە و قوتابخانەکان، کە هاوڵاتیان وەک پەناگەیەک بۆ سەلامەتی بەکاریان دەهێنا".

 

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، بەهۆی ئەو بێدەسەڵاتییەی کە پڕۆگرامەکە بەرامبەر بە دۆخی خەڵکی غەززە هەیەتی، ئاماژەی بەوەدا، "دەستلەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەش دەکەم، هیوای سەلامەتی و ئارامیش بۆ هەموو هاوکارەکانم لە پرۆگرامی خۆراکی جیهانی دەخوازم، جەختیش دەکەمەوە کە دەستبەرداری ڕۆڵی مرۆیی و کۆمەڵایەتی خۆم نابم، بەڵام لە شێوازێکی دیکەدا درێژەی پێدەدەم".