عێراق، هەیام یاسری لێپرسینەوەی لە گەندەڵی دەستپێکرد

هەیام یاسری، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق لێپرسینەوەی لە گەندەڵی دەستپێکرد و پێکهێنانی ١٤٢ لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، هەیام یاسری، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق لە میانی سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەی تیمی وزاری و تیمی دەستەی دەستپاکی بۆ ستراتیجی نیشتمانی و پێوەرە نیشتمانییەکانی دەستپاکی و دژە گەندەڵی ڕایگەیاندووە، ١٤٢ لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە، ٦٤ لیژنەیان پەسەند کراون، ١٥ لیژنەشی ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی کردووە، کاری لیژنەکانی دیکەش لە قۆناغی تەواوبووندان، زۆرێک لە گرێبەستەکانیش پێداچوونەوەیان بۆ کراوە.

 

هەیام یاسری لە دوای وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لە وەزارەتەکەی، کۆمەڵێک ڕێکاری گرنگی گرتووەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لەوانە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بەشەکانی باڵا و ناوەڕاست و خوارەوەی وەزارەت و پێکهاتەکانیان بۆ دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو، بەپێی ستانداردەکانی ئەزموون، ماوەی کارکردن، لێهاتوویی و دەستپاکی.


هەیام یاسری جەختی لە گرنگی کردنەوەی کەناڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان فەرمانبەران و هاوڵاتیان و کۆمپانیاکان کردووەتەوە، بەمەبەستی وەرگرتنی سکاڵا و هەواڵ و بەڵگەنامەکان، کە ئەو هەنگاوە ڕۆڵی دەبێت لە کەمکردنەوەی گەندەڵی و کەمکردنەوەی خەرجیەکان تا ڕادەیەکی زۆر.