ئەندامانی کۆمیتەی کژار دژی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی  گردبوونەوە

ئەندامانی کۆمیتەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دژی سزای لەسێدارەدان لە ئێران و بەتایبەتی سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی ئەنجامدا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٥ی تشرینی دووەم، لە چوارچێوەی ناڕەزایەتیی دامودەزگا و ڕێکخراو و ئازادیخوازانی دانیشتووی ئێران و شارە جۆربەجۆرەکانی جیهان لەدژی سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی، چالاکی مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار و زیندانیی سیاسی لە زیندانی ئێڤین، ئەندامانی کۆمیتەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست.

 

گردبوونەوەکەدا لە بەردەم پەرلەمانی سوید لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو، ژمارەیەک ژنی چالاکوان و ئەندامانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە جۆراوجۆرەکان ئامادەبوون و وێڕای شەرمەزارکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ زیندانیانی سیاسی، داوایان لە ڕژێمی ئیسلامی کرد سزای لەسێدارەدان بۆ زیندانیانی سیاسی ڕابگرێت و هەڵیان بوەشێنێتەوە، هەروەها داوایان لە حکومەت و پەرلەمانی سوید کرد کە گوشارەکانیان لە دژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران زیاتر بکەن بۆ ئەوەی زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن.

 

بەشداربووانی ئەم گردبوونەوەی ناڕەزایەتییە، بە هەڵگرتنی لافیتەیەک کە وێنەی وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی، زەینەب جەلالیان و شەریفە محەمەدی لەسەر بوو، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان وتەوە و داوای ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسییان کرد.

 

بەشداربووان ڕایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان و لە ڕۆژانی داهاتوودا چالاکییەکانیان زیاتر دەکەن، داواشیان لە هەموو ئازادیخوازانی جیهان کرد بێنە سەر شەقامەکان و دەنگی زیندانیانی سیاسی و سێدارەکان لە ئێران بەرز بکەنەوە.