وشکەساڵی تەنگی بە فلامینگۆکان هەڵچنیوە

ناوچە ئاوییەکانی فوینتێ دی پیدرا لە ئیسپانیا وەک ناوچەیەکی سروشتی پارێزراو ناسێندراوە، سەڵانە هەزاران فلامینگۆ ڕووی تێدەکەن، بەڵام ئەمساڵ وشکەساڵی تەنگی بە فلامینگۆکان هەڵچنیوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ساڵانە هەزاران فلامینگۆ ڕوو دەکەنە ناوچە ئاوییەکانی فوینتێ دی پیدرا لە ئیسپانیا بۆ ئەوەی هێلکەکانیان دابنێن و چاوەڕێی هەڵهاتنی دەکەن، بەڵام ئەمساڵ وشکەساڵی و وشکبوونەوەی دەریاچە و ڕووبارەکان تەنگی بە فلامینگۆکانیش هەڵچنیوە و ژمارەیەکی کەمیان ڕوویان لە فوینتێ دی پیدرا کردووە.

 

بەهۆی وشکەساڵی درێژخایەن لە ئیسپانیا کە دەریاچەی ئاوی خوێینی وشک کردووە، کۆچی باڵندەکانی بۆ ناوچەکە کەمکردووە، کە لە هەزاران فلامینگۆ ئەمساڵ تەنها چەند سەد دانەیەک چوونەتە رۆخی ئاوەکان و هێلکەکانیان داناوە، دانیشتووانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن، کە نیگەرانن لەوەی گەشتیاران وەکوو هەموو ساڵێک سەردانی ناوچەکە دەکەن بۆ بینینی فلامینگۆکان، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە ژمارەی فلامینگۆکان کەمی کردووە.

 

ناوچە ئاوییەکانی فوینتێ دی پیدرا لە ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٨٤ وەک ناوچەیەکی سروشتی پارێزراو ناسێندرا، بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، ماسی و بەردەوامیی لە ئەندەلوس، لەو کاتەوە ژمارەی ئەو فلامینگۆیانەی لە ناوچەکەدا تروکاون ٢٠٠ هەزار دانەیە.