دوای ٧٢ ساڵ چین نزمترین پلەی گەرما تۆمار دەکات
لە چین پلەی گەرما بۆ ژێر ٤٠ پلەی سەدی دابەزیوە، ئەمەش وادەکات چین دوای ٧٢ ساڵ نزمترین پلەی گەرما تۆمار بکات.

ناوەندی هەواڵ
ماوەی هەفتەیەکە شەپۆلێكی سەرما وڵاتی چینی گرتووەتەوە و پلەی گەرما بۆ ژێر ٤٠ پلەی سەدی دابەزیوە.
ڕۆژنامەى پەكین ڕایگەیاندووە، لە ساڵی ١٩٥١ەوە تا ئێستا شەپۆلێكی بەو جۆرە لەو وڵاتە ڕووی نەداوە و بەو جۆرە بەفر نەباریووە، لە هەفتەی ڕابردووەوە لە ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی چین و باكووری ئەو وڵاتە، شەپۆلێكی بێ وێنەی سەرما ڕووی تێکردووە، بە جۆرێك پلەكانی گەرما بۆ ژێر ٤٠ پلەی سەدی ژێر سفر دابەزیوون.
ژمارەیەك پارێزگا لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە بەهۆی كەمی گەرمكەرەوە و پێداویستییەكانەوە دەناڵێنن، بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەنگاوی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ ئەو مەبەستە پێداویستی گەرمكەرەوەیان بۆ كۆمپانیاكان و شوێنە بازرگانییەكان ڕاگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستی گەرمكەرەوە بۆ یەكەی نیشتەجێبوونەکان دابین بكەن.