ڕژێمی ئێران چالاکوان حەمیدە زارعی سزا دەدات

حەمیدە زارعی، چالاکوانی مەدەنی ئێرانی لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی کچویی لە شاری کەرەج.

ناوەندی هەواڵ

 

حەمیدە زارعی، یەکێک لەو ژنە گەنجانەی کە لە کاتی ڕاپەڕینەکەی ئەم دواییەی ئێراندا دەستگیرکرا و ئێستا شەشەمین مانگی زیندانیکردنی لە زیندانی کچویی لە شاری کەرەج بەسەر دەبات، سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

 

میدیاکان ڕایانگەیاند کە لقی یەکەمی دادگای شۆڕش لە شاری کەرەج، خوێندکارێکی ماستەری لە بواری بەڕێوەبردنی دارایی لە زانکۆی زانست و توێژینەوە و چالاکوانێکی مەدەنی لە زیندانی کچویی شاری کەرەج زیندانی کردووە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم"، سزای ساڵێک زیندانیکردن، دوو ساڵ دەرنەچوون لە ئێران، قەدەغەکردنی دوو ساڵ لە دەرکەوتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دوو ساڵ زیندانیکردنی ماڵەوە لە شاری ڕەشت.

 

حەمیدە زارعی ڕێگەی پێنەدرا لە دادگا ئامادەبێت بە بیانووی ئەوەی کە حجابی زۆرەملێی ڕەتکردووەتەوە، لە ٤ی تشرینی دووەم بە ئامادەبوونی تەنها پارێزەرەکەی لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەلبەرز دانیشتنی دادگا بەڕێوەچوو.

 

حەمیدە زارعی لە ٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو لە کاتی ڕاپەڕینی گەل، کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، دەستگیرکرا و لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بوو، لە شوباتی ڕابردوو ئازاد کرا، بەڵام لە ٢٩ی حوزەیران، دەسەڵاتدارانی ئێران حەمیدە زارعیان لە ماڵەکەی خۆی لە کەرەج دەستگیر کرد، و دوو ڕۆژ دوای لێکۆڵینەوەکەی گواسترایەوە بۆ زیندانی کچویی لە شاری کەرەج.