"گۆڕینی ئایدۆلۆژیای باڵادەستی پیاوان چارەسەری هەموو کێشەکانە"
ڕیما عیسا، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ماڵی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، جەختی لەوە کردەوە کە ژنان لە پێناو بونیادنانی ژیانێکی یەکسان و ئازاددا خەباتیان کردووە بۆ گۆڕینی هۆشیاری لە مێژووەوە تا ئێستا و لە پرۆسەی گەڕاندان بە دوای ڕێگەی نوێی خەباتدا.

ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە – ژنان لە ڕاپەڕیندان بەرامبەر هەموو جۆرە فشار و سەپاندنێک کە عەقڵیەتی دەوڵەتی پیاو بەسەر ژناندا دەسەپێنێت و بەم شێوەیە هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگە، ئەو ژنانەی لە هەموو بوارێکدا خۆیان ڕێکدەخەن، هەر لە خۆپاراستن تا کایە سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکان، پێشەنگایەتیی ئازادی کۆمەڵگەشیان لەسەر شانە، ڕیما عیسا، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ماڵی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، باسی لە خەباتی ژنان کرد کە تادێت ڕێکخراوتر دەبێت و ڕایگەیاند، گۆڕینی هەژموونی باڵادەستی پیاوان پرسێکی بنەماییە بۆ ئازادی کۆمەڵگە.
ڕیما عیسا سەرنجی بۆ خەباتی ١٢٩ ژن ڕاکێشا کە لە پێناو مافەکانیان مانیان گرت و لە کارگەیەکدا بە زیندووی سوتێندران و ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی خەباتی ئەو ژنانە ٨ی ئادار وەک ڕۆژی جیهانی ژنان ناسێندرا، میراتێک کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
'١٩ی تەمووز لەسەر بنەمای مێژووی ٨ی ئادارە'
ڕیما سەرنجی بۆ ڕاپەڕینی ١٩ی تەمووز ڕاکێشا کە لە ئەنجامدا ڕژێمی ٥٢ ساڵەی بەعسی ڕووخاند و وتی: شۆڕشی ١٩ی تەمووز لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی دەکرا و لەسەر بنەمای خەباتی ٨ی ئادار دامەزراوە، ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕۆڵی خۆیان بینی و لە دژی ئایدۆلۆژیا و عەقڵیەتی پیاوسالاری باڵادەست تێکۆشان، دەرئەنجامی ئەو خەباتە ڕووخانی ڕژێمی بەعس بوو، ئەو دەسەڵاتە هیچ ڕێگا و شێوازێکی بۆ ئازادی ژن و کۆمەڵگەپێشکەش نەکرد و هەمیشە کۆمەڵگەی بەرەو بنبەست برد، بەڵام ژنان بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی وەڵامیان دایەوە و ئەو سیستمە ڕووخێنرا.
'چەمکی سنووردارکردنی ماف و ڕۆڵی ژنان قبوڵ ناکرێت'
ڕیما عیسا ئاماژەی بەوەشکرد، فاشیستەکانی شام خۆیان ڕێکدەخەن و دەیانەوێت سووریا بکەنە دەوڵەتێکی کۆیلە، و هەروەها وتی: دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هیوای ژنان و گەلی سووریا بۆ ئەوەی هەمووان لە سووریایەکی ئازاددا بژین، گەشەی کرد، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ دەبینین حکومەتی نوێی کاتی ڕۆڵی ژنان ڕەتدەکاتەوە و یاساگەلێک دەخاتە ڕوو کە مافی ژنان بەرتەسک دەکاتەوە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم حکومەتەدا ژنان دەکوژرێن و دەستدرێژیان دەکرێتە سەر و لێیان دەدرێت، لە ڕاستیدا ئەم تێگەیشتنە کە حکومەتی نوێی کاتی خۆی تێیدا ڕێکدەخات، تێگەیشتنێکی ئایینییە، بەم تێگەیشتنە دەیانەوێت ڕێگەی ژنان بۆ خەبات سنووردار بکەن، ئەو دەستکەوتانەی ژنان بەدەستیان هێناوە لەناوببەن و سووریا بکەنە سووریایەکی کۆیلە.
"تێڕوانینی عوسمانی دەیەوێت ئامانجەکانی لە سووریا پێکبێنێت"
ڕیما ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ڕوانینەی کە ئەمڕۆ حکومەتی کاتی نوێ لەسەری بونیاد نراوە، ڕوانینی عوسمانییەکانە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەبینین ئەو یاسا و عەقڵیەتەی کە حکومەتی کاتی جێبەجێی دەکات، لە ڕوانگەیی دەوڵەتی عوسمانیەوە هاتووە، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە زۆر ڕووەوە هەوڵی شکستپێهێنانی خەباتی ژنانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێگەی هێرشەوە دا، بەڵام بە ئامانجەکانی نەگەیشت، بۆیە ئەمڕۆ لە ناوخۆی سووریا تێگەیشتنی خۆی ئاوا کردووە بۆ ئەوەی شەڕی فەلسەفەی ڕزگاری ژن بکات و دەستکەوتە بونیادنراوەکانی شۆڕش لەناو ببات.
"گۆڕانکاری و گۆڕینی هۆشیاری ئەرکی ئێمەیە"
ڕیما داوای لە هەموو ژنانی سووریا کرد بە عەقڵێکی ئازادەوە هەڵوێستی خۆیان بۆ بونیادنانی سووریایەکی نوێ نیشان بدەن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەمڕۆ لەناو حکومەتی کاتی سووریادا ژن هەیە، بەڵام بە عەقڵێکی ئازادەوە مامەڵە ناکەن، وەک ڕۆبۆت کار و چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەو ژنانە بەو تێگەیشتنە نوێنەرایەتی ژنانی سووریا ناکەن، بۆیە داوامان لێدەکرێت ئەو ژنانە بگۆڕین، لە سەدەی ٢١دا ئەرکی سەرەکیمان ئەوەیە دەستمان بە هەموو ژنێک بگات و بیرکردنەوەی بگۆڕین بۆ ئەوەی لە کۆت و بەندەکانی دەسەڵاتدارەکان ڕزگاری بکەین، ئەمڕۆ دوای چەندین ساڵ لە ماندووبوون و خەبات و قوربانیدان، داوا لە هەموو ژنێک دەکرێت لە سووریا داوای مافی خۆی بکات بۆ نووسینی دەستووری سووریا.