کەژەکە: تا ئێران دیموکراتیک نەبێت قەیرانەکان چارەسەر نابن

کەژەکە لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەڵێت: گەر شوێنپێی ژنانی تێکۆشەر هەڵگرین، ئەو کاتە دەتوانین بە شێوازێکی ڕێکخراوەیی لە دژی سیستمی بکوژ تێبکۆشین، چونکە ژنێکی بێ ڕێکخراو و بێ کۆمۆن، لە ناو سیستمی بکوژدا بێبەرگری دەمێنێتەوە."

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، کە دەسەڵاتی ئێران بەهۆی سیاسەتە سەرکوتکەرەکانییەوە ناتوانێت وەڵامی چارەسەرکردنی کێشەکانی گەل بداتەوە، جەختیش کراوەتەوە کە هەتا ئێران دیموکراتیک نەبێت، ناتوانێت لە ناو قەیرانەکاندا ڕزگاری بێت.

 

کەژەکە داوای فرەیی و تێکۆشانی لە هەموو بوارەکاندا کردووە و دەڵێت: "لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)دا، هیوادارین ژنان نەک بە تابلۆ و ئاماری کوشتن و بڕین، بەڵکوو بە کۆمۆن، ئەکادیمیا و ناوەندەکانی فێربوونی ئازادیی ژنان بێنە ناو ڕۆژەڤی ڕای گشتی جیهانەوە.

 

کەژەکە ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەدەی ٢١دا گۆڕانکاری خێرا ڕوودەدەن و وتی: "لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی'دا، لە کەسایەتی 'شلێر ڕەسولی' و 'ژینا ئەمینی'دا، بە ڕێز و پێزانینەوە یاد و مێژووی هەموو شەهیدانی شۆڕش دەکەینەوە، کە لە شەقامەکانی ئێران و ڕۆژهەڵات لە ناڕەزایەتییەکاندا دژی کۆمەڵکوژییەکان، کوژران و لەسێدارە دران. هەروەها لە چوارەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی-دا، یادی 'نیلوفەر موجاویر' دەکەینەوە کە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەدا کوژرا، و بەڵێن دەدەین کە بێدەنگ نەبین؛ بە تێکۆشان و ڕێکخستنبوونمان لێپرسینەوە لە بکوژان بکەین. توندوتیژی ڕێکخراو و سیستماتیک لە دژی ژنان لە کەسایەتی نیلوفەر موجاویردا جارێکی تر خۆی نیشان دایەوە. لە دژی ئەم سیستەمە بکوژە چینایەتی و ڕێکخراوەییە، پێداگری لەسەر ژیانی ئازاد و بەمانا بۆ ئێمەی ژنان تاقە ڕێگای چارەسەرییە.

 

لە سەدەی ٢١دا گۆڕانکاری زۆر خێرا ڕوویان داوە و هێشتاش بەردەوامن. پرۆسەی سەرلەنوێ ژیانەوەی کوردان بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ، نەک تەنیا لە تورکیا و باکووری کوردستان، بەڵکوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپاشدا دەنگدانەوە و کاریگەرییەکی گەورەی دروستکرد. لەسەر بنەمای دیموکراتیکبوونی چوار دەوڵەتی ناوچەکە، پرۆژەی ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیکی خستە ڕۆژەڤی ڕای گشتی جیهانەوە. لەسەر ئەم بنەمایەش، ڕۆژهەڵات-ئێران بەهۆی ئەو شەڕەی کە ماوەبەماوە بەردەوامە، یەکێکە لەو شوێنانەی کە دەبێت بە دڵێنیایی دیموکراتیک بێت. چونکە ڕژێمی سەرکوتکەری ئێران ناتوانێت ببێتە وەڵام و چارەسەر بۆ کێشەکانی گەلی ئێران. لەبەر ئەوە، هەتا ئێران دیموکراتیک نەبێت، نە چارەسەرییەک دێتە ئاراوە و نە دەشتوانێت لە قەیرانی قورس ڕزگاری بێت. ئەگەر گەلانی ئێران لەسەر بنەمای ئەو قۆناغەی کە لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا بە کوشتنی ژینا ئەمینی بە بیانووی باڵاپۆشییەوە دەستی پێکرد و پشتی بە فەلسەفەی (ژن، ژیان، ئازادی) بەست، لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشەکەدا بۆ جێگرەوەیەکی ئێرانی دیموکراتیک، تێبکۆشن، بێگومان ئێران دەتوانێت ببێتە دیموکراتیک.

 

"هەم بەهۆی شەڕ و هەم بەهۆی هێرشەکانی ڕژێمەوە، هەناسە لە ژنانی ئێرانی بڕدراوە'
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە هەرچەندە شەڕی نێوان ئێران-ئیسرائیل-ئەمریکا بە شێوازی جیاواز بەردەوامە، بەڵام دەسەڵاتی ئێران لە هێرشکاری، دەستگیرکردن و لەسێدارەدان لە دژی گەل بەردەوامە و دەڵێت: "هەم بەهۆی شەڕی قورسی نێوان ئێران-ئیسرائیل-ئەمریکا و هەم بەهۆی هێرشەکانی ڕژێمەوە، بە تایبەتی هەناسە لە ژنانی ئێران بڕدراوە. بارودۆخێکی خراپ کە لە مردن خراپترە بەسەر ژناندا، بەتایبەت ژنانی کورد، دەسەپێنرێت. بۆیە پرسیارکردن لەم دۆخە بابەتێکی ژیانییە. گەڕان و پرسیارکردن مرۆڤ بەرەو وەڵامی ڕاست دەبات. پێشەنگایەتی ژنان لە ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا بە پرسیارکردن لەم سیستەمە دەستی پێکرد. لە ئێراندا کۆیلایەتی بەسەر گەلانی کورد، ئازەری، بەلوچ، فارسی و بەسەر ژناندا دەسەپێنرا. لە کەسایەتی ژینا ئەمینی-دا، ژنانی ئێرانی ئەم سەپاندنەیان قبووڵ نەکرد و دەستیان بە گەڕان بەدوای ژیانی ئازاددا کرد. ئەم گەڕانە بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و بە درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی) گەیشتە بەرزترین ئاست، کە بنەمای تێکۆشانی زیاتر لە ٣٠ ساڵەی تەڤگەری ژنانی کورد بوو. جارێکی تر ڕوون بووەوە کە گەڕان، پرسیارکردن، و تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی بە پێشەنگایەتی ژنان بەرهەم و ئەنجامی دەبێت.

 

 

ژیانێکی بێ واتاو دوور لە پێشەنگایەتی ژن ناتوانێت هەمیشەیی و بەردەوام بێت، لە هەمانکاتدا ژیانی دوور لە ئازادی شیاوی ژیان نییە. هەر کاتێک گەل بە پێشەنگایەتی ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان، ئەو پیاوانەش کە لەم ڕژێم و سیستمە بێزار بوون، شوێنپێی ژنانی بەرخۆدەریان هەڵگرت و هاتنە مەیدان، ئەمەش ڕاستی پیاوان نیشان دەدات کە لە ئێراندا لەسەر بنەمای دیموکراتیکبوون گۆڕانکاری ڕوودەدات. لە ڕاستیدا پیاوان نەک تەنیا لە دژی گوشارەکانی سەر ژنان، بەڵکوو لە دژی گوشارەکانی سەر خۆشیان هاتنە سەر شەقام و بەشدارییان لە ڕاپەڕینی (ژن، ژیان، ئازادی)دا کرد. لە لایەکەوە ڕاستی پیاوی ڕەق و دەسەڵاتخواز، و لە لایەکی ترەوە ڕاستی ئەو پیاوەی کە دەیەوێت بە شێوەیەکی ئازاد و یەکسان بژی، لە شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)دا بەرجەستە بوو. بەرخۆدانی ژینا ئەمینی، شلێر ڕەسولی و نیلوفەر موجاویر و ئەو ژن و گەنجانەی کە لە کەسایەتی ژنانی تێکۆشەردا لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتدا شەهید کران، نیشانمان دەدەن کە فەلسەفەی (ژن، ژیان، ئازادی) چۆن بەردەوام بێت و بپارێزرێت. لە هەمان کاتدا، ئەو بەرخۆدان و هەڵوێستەی کە بە پێشەنگایەتی زەینەب جەلالیان، پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی لە بەندیخانەکانی ڕژێمی ئێراندا دەکرێت، ئەوە دەخاتە ڕوو کە تێکۆشانی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) بێ پشوودان بەردەوام دەبێت.

 

"ژنێکی بێ کۆمۆن و بێ ڕێکخستن لە ناو سیستمی ژنکوژدا بێ بەرگری دەمێنێتەوە"

ئەگەر ئێمە شوێنپێی ژنانی بەرخۆدەر هەڵگرین، دەتوانین بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە دژی سیستمی بکوژ تێبکۆشین. چونکە ژنێکی بێ کۆمۆن و بێ ڕێکخستن لە ناو سیستمی ژنکوژدا بێ بەرگری دەمێنێتەوە. بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین، لە چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی (ژن، ژیان، ئازادی)دا پێویستە خۆمان زیاتر هۆشیار بکەینەوە، و تێکۆشانمان مەزنتر و بەهێزتر بکەین. ڕێبەر ئاپۆ گەلی کوردی لەسەر مێزی کوشتن و لەناوبردنەوە گواستەوە بۆ سەر مێزی چارەسەری. بە تایبەتی ژنانی کورد، فارس، بەلوچ و ئازەری دەبێت لە ناو هاوپشتی و یەکێتییەکدا کۆمۆن، ڕێکخراو، ئەکادیمیا، و کایەکانی پەروەردە، هۆشیاری و هاوبەشیی خۆیان بخوڵقێنن و پەرەی پێبدەن. ژن هەرچەندە زانیاری و ئەزموون هاوبەش بکات، گەورەتر دەبێت و دەگاتە هەموو ژنان. لەبەر ئەمەش بوو کە هەموو ژنان خاوەندارێتییان لە شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) کرد. چونکە کولتووری دەستدرێژی لە هەموو شوێنێکی جیهاندا لە دژی ژنان و کۆمەڵگە بە هەمان شێوە پەیڕەو دەکرێت.

 

"هەرچەندە هێرشەکان زۆرتر بن، بێگومان هاوپشتی، یەکێتی و هاوبەشیی ژنانیش زیاتر دەبێت"

ئەم کولتووری دەستدرێژیییە بە شێوازی ڕێکخراوەیی فراوان دەبێت؛ سیستمی بکوژیش لە پێشەنگایەتی ژنان و ڕێکخستنەکەیان دەترسێت بەڵام هەرچەندە هێرشەکان زۆرتر بن، بێگومان هاوپشتی، یەکێتی و هاوبەشیی ژنانیش زیاتر دەبێت. لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)دا، هیوادارین ژنان نەک بە تابلۆ و ئاماری کوشتن و بڕین، بەڵکوو بە کۆمۆن، ئەکادیمیا و ناوەندەکانی فێربوونی ئازادیی ژنان بێنە ناو ڕۆژەڤی ڕای گشتی جیهانەوە. لە چوارەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی-دا، پێویستە هەموان و بەتایبەتی ژنان بڕژێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی خۆیان نیشان بدەن. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە لەو باوەڕەداین کە ژنان، گەنجان و گەلەکەمان تێکۆشانی ئازادیی ژن دەگۆڕن بۆ تێکۆشانی بنیادنانی ژیانێکی هاوبەش و دیموکراتیک.