گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین و نەجمەدین فەیسەل سینان بە ڕێوڕەسمێک یادکرانەوە

لە شاری عامودا سەر بە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، بە ڕێوڕەسمێک گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین و نەجمەدین فەیسەل حەج سینان، لە گۆڕستانی شەهید ئیسماعیل یادکرانەوە.

عامودا

 

لە ساڵیادی شەهیدی ڕێبووارانی ڕێگای ڕاستی و دەنگی ڕاستی، گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین کە لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤دا، هەروەها تێکۆشەری بەڕێز نەجمەدین فەیسەل حەج سینان لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣دا لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوون، هاوڕێیانیان لە ڕێوڕەسمەکەدا دیاریان کرد کە ئەوان درێژە بە تێکۆشانیان دەدەن و داوای لێپرسینەوەیان کرد.

 

”٢٣ی ئاب ڕۆژی شەرمەزارکردنە”

دوای خولەکێک ڕێزگرتن، لەسەر ناوی کەناڵی ژن تیڤی (Jin Tv) لۆریستان دەروێش قسەی کرد و وتی: لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣دا تێکۆشەری بەڕێز نەجمەدین فەیسەل حەج سینان و ڕۆژنامەنووس دەلیلا کاتێک لەسەر کارەکەیان بوون لە ڕۆژئاوای کوردستان لە نێوان قامیشلۆ و عامودا لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکەوە تووشی هێرش بوون، لە ئەنجامدا نەجمەدین فەیسەل حەج سینان شەهید بوو، ڕۆژنامەنووس دەلیلا بە سەختی بریندار بوو، لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤دا کاتێک ئەم ڕووداوەمان شەرمەزار دەکرد و ئەو هاوڕێیانەمان بە بیر دێنایەوە کە گەیشتنە ئاستی شەهادت، لە هەمان کاتدا لە باشووری کوردستان لەسەر ڕێگای سەیدسادق گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ئۆتۆمبێلی پرۆدەکشنی (چەتر) کرانە ئامانج، لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاوڕێی ڕۆژنامەنووس بریندار بوون، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوون، هەردوو ڕووداو لە ساڵانی جیاوازدا بن بەڵام لە یەکتری جیاناكرێنەوە، هەمیشە ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەکرێنە ئامانج، سیاسەتی دەوڵەتی تورک لەسەر گەلی کورد و هەردوو پارچەکەی کوردستان بەردەوامە.

 

باوکی کادری بەڕێز نەجمەدین فەیسەل حەج سینان لەسەر ناوی بنەمالەکەی قسەی کرد، پەیمانی تێکۆشانەی نوێ کردەوە و وتی: ئەو بە کوڕەکەی سەربەرزە، ئەوەشی خستە ڕوو کە  هەرچی لە پەکەکە و ڕاگەیاندنی ئازاد داوا بکرێت دەکەن و لەسەر شوێنپێی پاکڕەوانان دەبن.

 

”بە ڕێگای ئەم هێرشانە دەیانەوێت ڕاستی بێدەنگ بکەن”

لەسەر ناوی یەرەژە، دیلان عوسمان، ئەندامی کۆوردیناسیۆن  قسەی کرد وتی: لەم شوێنە، لەم شوێنە پیرۆز و بەنرخەدا، ئێمە پاکڕەوانانی چاپەمەنیی ئازاد بە بیر دەهێنینەوە. ئەو کەسانەی کامێراکەیان هەڵدەگرن و خۆیان بە بەرپرسی ڕاستی دەبینن، لە ناو خەباتی ڕاگەیاندنی ئازاد و ڕاگەیاندنی ژناندا تووشی زۆر هێرش دەبن، هێرشەکانی سەر کادری بەڕێز نەجمەدین فەیسەل حەج سینان، هەروەها گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین ڕووداوی زۆر بە ئێش بوون، بە ڕێگای ئەم هێرشانە دەیانەوێت ڕاستی بێدەنگ بکەن، بەڵام ئێمە جەخت دەکەینەوە کە ئێمە لەسەر شوێنپێی ڕۆژنامەنووسانی چاپەمەنیی ئازاد دەبین و ڕێگایان بەردەوام دەکەین.

 

”دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە ڕاستییەکان بێدەنگ بکەن”

ئەمال محەمەد، وته‌بێژی یەرەژە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و وتی: پاکڕەوانانی ئازادی لە ڕێگای ڕاستیدا گیانی خۆیان بەختکرد بۆ ئەوەی بتوانن دەستکەوت و پێشڤەچوونەکانی ژنان هەنگاو بە هەنگاو بەدواداچوون بکەن، ئێمە بە ڕێزەوە گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ساڵیادیی شەهیدبوونی دووەمیاندا بە بیر دێنینەوە، ڕێوڕەوانانی ئێمە کە بە پێنووسەکەیان ڕێگای ئازادییان بەردەوام کرد، بە وتار و نووسین، سات بە سات لە خەباتەکەیاندا ڕاستییەکانیان ڕاگەیاند، هەمیشە ڕۆژنامەنووس دەکرێنە ئامانج، لەبەر ئەوەی هەموو هێز و ڕاستییە هەبووەکە دەخەنە پێش و دەوڵەتی تورک نایەوێت ڕاستی دەربکەوێتە.