چالاکوانانی ئەفغانستان داوای دادگاییکردنی تاڵیبان دەکەن
ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوانی مافی مرۆڤی ئەفغانستان ڕەخنەی توند لە تاڵیبان دەگرن کە توندوتیژییەکانی بۆ سەر ژنان و کچان زیاد کردووە و داوای دادگاییکردنی تاڵیبان دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوانی مافی مرۆڤی ئەفغانستان ڕەخنەی توند لە تاڵیبان دەگرن کە توندوتیژییەکانی بۆ سەر ژنان و کچان زیاد کردووە، هەموو ڕۆژێکیش لە لایەن تاڵیبانەوە بڕیاری نوێ بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت.
ئەو ژنانە ئاماژەیان بەوەشداوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکەن بە زووترین کات “ئاپارتایدی ڕەگەزی” لە ئەفغانستان بە تاوان بناسێنن و تاڵیبان دادگای بکەن لەسەر “تاوانەکانی” دژ بە ژنان، چاوەڕێش دەکەن بەرپرسانی تاڵیبان بدرێنە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لاهای و دادپەروەری سەربکەوێت،
ئەمەش لە کاتێکدایە شەش وڵاتی جیهان لەوانە چیلی، کۆستاریکا، ئیسپانیا، فەرەنسا، لۆکسمبۆرگ و مەکسیک لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندبوو، دۆسێیەی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کچان لە ئەفغانستانیان ڕەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کراوە، هاوکات مەلالە یوسف زای لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بە ناوی "پەروەردەی کچان لە وڵاتانی موسڵمان"، کە لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوەدا، بە سادەیی بڵێین تاڵیبان لە ئەفغانستان ژن بە مرۆڤ نازانێت، تاڵیبان ئەو ژن و منداڵانە دەگرن و سزایان دەدەن کە یاساکانیان پێشێل دەکەن، هەروەها داهاتووی کچان لە ئەفغانستان بە تەواوی زەوت کراوە.