ڕێگری لە ناردنی وریشە مورادی بۆ نەخۆشخانە کرا

بەرپرسانی زیندانی ئەڤین سەرەڕای تێکچوونی باری تەندروستی وریشە مورادی، ڕێگرییان لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، بەرپرسانی زیندانی ئەڤین بەوریشە مورادی زیندانی سیاسی کورد و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)یان ڕاگەیاند کە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە هەڵوەشاوەتەوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیار بوو ئەمڕۆ ١٢ی تشرینی دووەمی٢٠٢٤  وریشە مورادی بە هۆی نالەباری باری جەستەیی و تێکچوونی بارودۆخی دوای مانگرتن لە خواردن ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت وریشە مورادی لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەلواتی بە تۆمەتی "یاخیبوون" ڕۆژی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سزای سێدارەدان بەسەری سەپێندرا.