گەمارۆو شەڕ لە سودان بەردەوامە
لەگەڵ ئاوارەبوونی گەلدا، سودان بەرەو یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان دەڕوات، پارێزگای دارفۆری باکوور و کۆردۆفانی باشوور شاهیدی پەرەسەندنێکی سەربازیی مەترسیدارن.
ناوەندی هەواڵ
بە سەدان نەخۆش و بریندار لە شاری دیلنجی سودان بەهۆی کەمی دەرمان و نەبوونی چاودێری پزیشکی ڕووبەڕووی بارودۆخێکی ناخۆش بوونەتەوە، زۆربەی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان بەهۆکاری تۆپباران و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کاریان نەکردووە.
تاقیگەی لێکۆڵینەوەی مرۆیی (HRL) لە خوێندنگەی تەندروستی گشتی یێڵ ١٩ی کانوونی دووەم، هۆشداریدا لە گەمارۆدانی نزیک لە شاری ئەبیەز لە باکووری کۆردۆفان، دوای ئەوەی وێنەی مانگی دەستکرد ئامادەکارییە بەرگرییە بەرفراوانەکان و جوڵە سەربازییەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئاشکرا کرد.
لە کاتێکدا، ئەبیەز ڕووبەڕووی هەڕەشەی داخستنی نوێ دەبێتەوە، توێژەران ڕایانگەیاندووە، کە شارەکانی کادوغلی و دیلنج لە چیای نوبا لە باشووری کۆردۆفان لە ئێستاوە لە ژێر گەمارۆدان، لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی سودان-باکوور.
شیکارانی تاقیگەکە بەربەستە زەوییە تازە دروستکراوەکانیان بەدرێژایی خاڵە سەرەکییەکانی دەرچوون لە شارەکە و دەوروبەری ژێرخانی گرنگ دەستنیشان کرد، ئەم چالاکییە سەربازییە لەگەڵ بزووتنەوە سەربازەکاندا یەکدەگرێتەوە کە خۆیان بۆ شەڕی گەمارۆدان ئامادە دەکەن، هەرچەندە تاقیگەکە شوێنی تایبەتی خۆی ڕاگرت بەهۆی نیگەرانییەکانی ئاسایشی مرۆییەوە.
”بە ئامانجگرتنی دامەزراوە گرنگەکان”
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو وێنانەی کە مانگی دەستکرد لە نێوان ٢ بۆ ١٤ی کانوونی دووەم گرتوونی، لەگەڵ زیانەکانی وێستگەی کارەبای ئەبیەز ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بەڵگەدارکردووە، هەروەها لە وێنەکاندا زیانی باڵەخانەکانی گەڕەکی جەلەبیە لە ڕۆژهەڵاتی ئەبیەز دەرکەوتووە، هاوکاتە لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکان کە دە کەسیان کوشتووە و هەشت کەسیان ئەندامی یەک خێزان بوون.
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییدا لە پەرەسەندنی میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگە و دامەزراندنی منداڵانی سەرباز، هەروەها هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی دەتوانێت تاوانی جەنگ پێکبهێنێت.
هەروەها توێژەران لە نیوەی یەکەمی مانگی کانوونی دووەم نزیکەی ٨٠٠ پەناگەی کاتی لە کامپێکدا بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان لە باکووری ناوەڕاستی ئەبیەز و وێنەی مانگی دەستکرد نزیکەی ٦٠ گۆڕی نوێ لە گۆڕستانی زندی و ٤٠ گۆڕی لە گۆڕستانی دەلیل گرتووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی ژمارەی زیانلێکەوتووانە.
ژووری فریاکەوتنی ناوخۆیی ”تینا” لە ڕاگەیاندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، تا ١٦ی ١ی ٢٠٢٠، ناوچەکە و ناوچەکانی دەوروبەرییان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٠٣ هاوڵاتی مەدەنی گیانیانلەدەستداوە و ٨٨ کەسی دیکەش برینداربوون.
لیژنەکە داوای دەستێوەردانی بەپەلە کرد بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی مەدەنی، لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران ڕایگەیاندووە، کە لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە هەشت هەزار کەس بەهۆی پەرەسەندنی نائاسایشییەکانەوە ئاوارەبوون، هەزاران ئاوارە لە باشووری کۆردۆفان لە ژێر بارودۆخی کەشوهەوای سەختدا لە شوێنی کراوەدا دەژین، بێبەشن لە ئاو و شوێنی مانەوە، هەروەها هاوکارییە مرۆییەکان بەهۆی گۆڕینی ڕێگاکان بۆ هێڵی پێشەوەی سەربازی کۆسپیان بۆ دروست دەبێت.
لە شاری دیلنج، ژمارەی کوژراوانی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بازاڕ بۆ حەوت کەس بەرزبووەوە کە منداڵ و ژنیان تێدایە و ٣٢کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها سێ نەخۆشخانەی گەورە لە خزمەتگوزاری دەرچوون.
ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە و دەیان هەزار کوژراو، بە نزیکەی ١٣ ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون، لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە لەوەی سودان ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی مرۆیی جیهان بووەتەوە.