گەلی مەخموور: عێراق دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت

گەلی کامپی پەنابەرانی مەخموور لەدژی ڕێگری و گەمارۆ و گرتنی شاندی نوێنەرانی گەل ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا و داوایان لە عێراق کرد ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بگرێتە ئەستۆ.

مەخموور

 

ماوەی دوو مانگە گەمارۆی عێراق بۆ سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" جێبەجێ کراوە. لە ١٠ی نیسانەوە حکومەتی عێراق ڕێگری لە چوونە سەر کارەکانی کرێکاران دەکات، ناسنامەی کامپەکە نوێ ناکاتەوە، ڕێگە نادات کەلوپەلی کار بچێتە ناو کامپەکە و ڕێگە نادات نەخۆشەکان بچنە نەخۆشخانەکان.

 

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، ڕۆژی ١٤ی ئایار، وەفدێک کە پێکهاتبوو لە ئەحمەد شەهباز، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخموور، ئەدبان یڵماز، هاوسەرۆکی شارەوانی و بێوار ئەمین، هاووتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کامپەکە گەشتی  بەغدایان کرد و لەگەڵ وەزیری داد کۆبوونەوە. شاندەکە لە کاتی گەڕانەوەیدا بە دیل گیران، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی عێراق بەڵێنی ئازادکردنی شاندەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو کامپەکەیان دا، بەڵام بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە.

 

وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم کارانەی حکومەتی عێراق، گەلی کامپەکە ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا و داوایان لە حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد دەستبەجێ ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ.

 

ڕێپێوانەکە لە دەزگای بنەماكەی شەهیدانەوە تا دەروازەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکرد. دوای ئەوەی ڕێپێوانەکە گەیشتە دەروازەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوێ لێدوانێک درا،  پێش ئەوەی ئەو لێدوانە بدرێت، بە خولەکێک ڕێز لە هەموو ئازادیخوازان گیرا، دوای ڕێزگەتن فادیلە یڵماز، دایکی ئەدبان یڵماز، هاوسەرۆکی شارەوانی کامپەکە قسەی کرد.

 

"نزیکایەتییان نامرۆڤانەیە"

فادیلە یڵماز ئاماژەی بەوەکرد، لەبری ئەوەی حکومەتی عێراق ئاگاداری ئەو کامپە بێت کە لەئەستۆی ئەواندایە، بەردەوامن لە کارەکانیان و وتی: ئێمە ماوەی ٣٠ ساڵە ئاوارە بووین بەهۆی زوڵم و ستەمەکانی دەوڵەتی تورکیا، هەروەها هاتینە سەر خاکی عێراق و وتمان ئەوان ئاگاداری ئێمە دەبن، تا ئێستا هیچ زیانێکمان بە عێراق نەگەیاندووە، بەڵام لە بەرامبەردا ستەمیان لێکردین. ئەو کارانەی دەیکەن نایاساییشە، ماوەیەکی زۆرە گەمارۆیان بەسەر ئێمەدا سەپاندووە. ڕێبازەکەیان نامرۆڤانەیە. شاندەکەمانیان دەستگیرکرد کە بۆ داوای مافەکانمان ڕۆیشتنە ئەوێ. وەک دایکان تا کۆتایی داوای مافی منداڵەکانمان دەکەین.

 

"ئێمە هەرگیز ئەم کارانە قبوڵ ناکەین"

فادیلە یڵماز درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: لەو ڕۆژەوەی هاتووین هەتا ئێستا، خەریکی کۆبوونەوەن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و کارە پیسەکان لە دژی ئێمە ئەنجام دەدەن، ئێمە هەرگیز ئەو کارانە قبوڵ ناکەین، هەروەها دەزانن کە ئێمە تا ئێستا ستەم و توندوتیژیمان قبوڵ نەکردووە، ئێمە دژی ستەم و نادادپەروەری وەستاوین و خەبات دەکەین.

 

"با عێراق  بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت"

فادیلە یڵماز لە کۆتاییدا بانگەوازی کرد و وتی: ئێمە تا کۆتایی بەرەنگاری هەموو ئەو کارانە دەبینەوە و خەباتمان زیاتر دەکەین، داوا لە هەموو جیهان و ئەوانەی مافی مرۆڤ دەپارێزن ئاگاداری ئێمە بن، هاوکات داوا لە عێراق دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و زیندانییەکانمان ئازاد بکات و ناسنامەکانمان نوێ بکەینەوە و ڕێگاکانمان بۆ بکەنەوە.

 

دوای ڕاگەیاندنەکە گەلی کامپەکە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دانیشتنیان ئەنجامدا و چالاکیەکە کۆتایی هات.