کۆچبەرانی سەرێکانی: ڕێگای بەرخۆدانمان هەڵبژارد

کۆچبەرانی کامپی واشۆکانی جەختیان لەوە کردەوە، داگیرکردنی سەرێکانی درێژەپێدەری پلانگێڕیی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە. ئەوان کە ماوەی ٥ ساڵە بە بەرخۆدان و تێکۆشان و سەختی لەو کامپە دەژین، ڕێگای بەرخۆدانیان هەڵبژاردووە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لە ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٨، پلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد، هەر لە هەمان مێژوودا دەوڵەتی تورک لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا هێرشیکردە سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ٢٠ ساڵەی پلانگێڕی نێودەوڵەتی بوو دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، لە ئەنجامدا شاری سەرێکانی و گرێ سپی داگیرکران و ماوەی ٥ ساڵە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکاندایە.

 

زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە سەرێکانی ئاوارە بوون و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی ڕوویان لە کامپ و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە، حەسەکە بەخێرهاتنی کۆچبەرانی سەرێکانی کرد و کامپی واشۆکانی دروستکرد کە ئێستا ١٦ هەزار کەسی تێدا دەژین، بەهۆی زۆری ژمارەی کۆچبەرانەوە، کامپەکە لە ١٦ی ئابی ٢٠٢٠ دامەزرا و ١٢ هەزار و ٦٥٥ کۆچبەر لەوێ نیشتەجێ بوون، کامپەکانی ژێر سەرپەرشتی خۆبەڕێوەبەری لە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری وەرناگرن، بەهۆی ئەو سەختییەی کە کۆچبەران لە کامپەکەدا دەژین، ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ سەرێکانی و شکستپێهێنانی داگیرکارییە، لە هەمان کاتدا تاوانەکانی دەستدرێژی و توندوتیژی و ئەشکەنجەدان و ڕفاندن لە دژی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان بەردەوامن، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە زیندانەکانی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادان و لە دۆخێکی نادیاردان.

 

"رێگای بەرخۆدانمان هەڵبژارد"

ئاوارەکانی کامپی واشۆکانی ٥ ساڵەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان بۆ سەر سەریکانی شەرمەزار کرد و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

زیبێدە ئەحمەد، یەکێک لە ژنە کۆچبەرەکانی سەرێکانی، ئاماژەی بەوەکرد داگیرکردنی سەرێکانی درێژەپێدەری پلانگێڕیی ساڵی ١٩٩٨ەو و وتی: هەمووان دەزانن لە هەمان مێژوودا چی ڕوویداوە، لەگەڵ ئەو پلانەی کە دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکردووە، هاوکات هێرشەکانی سەر سەرێکانی و داگیرکاریی، درێژەی پلانگێڕییە، هەروەها بە ئامادەبوون و بەرخۆدانمان لە کامپی واشۆکانی ٥ ساڵە بەردەوامە، وەڵامی پلانگێڕییەکە دەدەینەوە، دەمانتوانی سنوورەکان ببڕین بەڵام بە شایستەمان نەزانی و ڕێگای بەرخۆدانمان هەڵبژارد بۆ ڕزگارکردنی وڵات و شارەکەمان، لەناو کامپی کۆچبەران تووشی سەختی زۆر دەبین، بەڵام کەس لە برسێتی نامرێت، ئێمە مافمان هەیە و تا کۆتایی بەدوای مافەکانماندا دەگەڕێین، کامپەکە بە زەحمەتی ئەو کۆچبەرانە دروستکراوە و ئێمە واز لە ماندووبوونی ساڵانێک ناهێنین.

 

"بە پلان گەل دەکەنە ئامانج"

 ئەمینە ئەحمەد، یەکێک لە کۆچبەرانی سەرێکانی، ڕایگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر سەرێکانی پلانێکە دژ بە ئیرادە و ڕێکخستنی گەل و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە سەرێکانی خۆمان ڕێکخستبوو و ژیانێکی سەلامەت و خۆشمان هەبوو، بەڵام دەوڵەتی تورک ئاسایش و ڕێکخستنی ئێمەی کردە ئامانج، ئێستا ٥ ساڵە لەناو کامپەکەدا دەژین، دۆخی کۆچبەران سەختە، تا ئەمڕۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان چادرەکەمانیان نەگۆڕیوە، ئەو هاوکارییەی دەدرێت بەشی کۆچبەران ناکات، بڕیارە بۆ زستان چادرەکانمان نوێ بکەینەوە،  دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەرێکانی، دەوڵەتی تورک مافی ئەوەی نییە بێت و ماڵ و شارەکەمان داگیر بکات، داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەین بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبگەیەنن، خاکی خۆمانمان دەوێت، هیچ شتێکی ترمان ناوێت، خاکەکەمان هی ئێمەیە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئیدارەی کامپی واشۆکانیەوە دەستمان کەوتووە، نزیکەی ٢٨١ خێزان لە سەرێکانی هەن کە ناویان تۆمار کردووە، بەڵام هیچ چادرێک بۆ جێگیرکردنیان لە کامپەکەدا نییە.