ژووری پزیشکی ماردین ڕاپۆرتێکی سەرەتایی سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکەی باکوور بڵاوکردەوە

 ژووری پزیشکی ماردین ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی پەیوەست بە ئاگرەکە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٥ کەس تەواو کرد و ئاماژە بەوە کراوە، کە لە نەخۆشخانەکانی شارەکەدا هیچ بەشی چارەسەری سووتاویی بوونی نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژووری پزیشکی ماردین ڕاپۆرتی سەرەتایی خۆی لەبارەی ئەو ئاگرە تەواو کرد کە شەوی ٢٠ی حوزەیران لە گوندەکانی نێوان شەمرەخی سەر بە ماردین و چنار لە ئامەد کەوتەوە و ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا.

 

 ژووری پزیشکان لە ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە، لە یەکەم کاتژمێرەکانی ئاگرەکەوە چوونەتە ناوچەکە و ئەوەی دیاریان کردووە لەگەڵ ڕاسپاردەکانیان بە ٩ خاڵ ڕیزبەندی کردووە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی ئاگرەکەوە ١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٤ کەسیش برینداربوون و زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ مەڕ لەدەستچوون و نزیکەی ٥٠ هەزار دۆنم لە زەوییە چێندراوەکان بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

 

بەشی سووتاویی نییە

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئاگرەکە لە شەودا کەوتووەتەوە و گەیشتن بە هەندێک شوێن ئەستەمە، بۆیە دەستوەردانێکی کەم لە زەویەوە هەبووە و وتراوە: هیچ دەستوەردانێک لە ئاسمانەوە نەبووە، بۆیە زیانەکان زیاتر بوون،  لە کاتی بانگەوازەکەدا کارمەندانی تەندروستی وەڵامیان دایەوە و ژمارەیەکی پێویست لە کارمەندانی تەندروستی دەستوەردانیان لە ڕووداوەکەدا کرد، بەهۆی ئەوەی لە شارەکەماندا بەشی چارەسەری سووتاویی نییە، ژمارەیەکی زۆر لە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شارەکانی نزیک کراون و ئەمەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی خەڵک.

 

"پێویستە کار لەبواری تەندروستی گشتیدا بکرێت"
 لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، چالاکییەکانی کوژانەوەی دوای ئاگرەکە کەمبووەتەوە و ئەمەش مەترسیی ئاگرکەوتنەوەیەکی نوێی دروست کردووە، گەردیلە وردەکانی ئاگرەکە بووەتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و گورچیلە و شێرپەنجە و گیان لەدەستدانی پێشوەختە، بە تایبەتی بۆ ئەو نەخۆشانەی هەناسە تەنگییان هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە، نەخۆشی درێژخایەنی سییەکان، نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانیان هەیە، کەسانی بەساڵاچوو، منداڵان، ژنانی دووگیان لە ژێر مەترسییەکی گەورەدان، بە تایبەتی کاتێک ئەو شوێنانەی ئاگرەکە زیانیان بەرکەوتووە پاکدەکرێنەوە، پێویستە وریا بن بەهۆی پاشماوەی خۆڵ و نەهێڵن بچنەوە ناو هەوا, دەرکەوتووە کە پێویستە کار لە ڕووی تەندروستی گشتیەوە بکرێت و ئەمەش گرنگە.

 

"پێویستە وریا بن لە پێدانی هەواڵ"

لە ڕاپۆرتەکەدا گرنگی بە پێدانی هەواڵی ئاگرەکە لە ڕاگەیاندنەکان دراوە و بەم شێوەیە وتراوە:  "بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاگرەکە بەهۆی وایەری کارەباوە بووە و دواتر بەهۆی بایەوە زۆر بەخێرایی بڵاوبووەتەوە"، لەم جۆرە ڕووداوە زەبربەخشانەدا ئەگەر کەسانی بەرپرسیار هەبن، پێویستە دەستنیشان بکرێن و پرۆسەی یاسایی دەستپێبکرێت و پرۆسەیەکی دادپەروەرانە و ڕوون بەڕێوەبچێت، چونکە دامەزراندنی هەستی دادپەروەری کاریگەری ئەرێنی لەسەر خۆشگوزەرانی خەڵک هەیە، لە هەمان کاتدا دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان و گەڕانەوە بۆ کاری ڕۆژانە زۆر گرنگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم زەبر و زەنگە، بۆ نەهێشتنی زیان پێویستە دەستبەجێ مێزی قەیرانەکان دابنرێت و ناوچەکە وەک ناوچەی کارەسات ڕابگەیەندرێت.

 

بۆ ئەوەی کاریگەرییە دەروونییە زەبربەخشەکان کەم بکرێتەوە، پێویستە وێنەی هەستیاری پەیوەست بە ڕووداوەکە "وێنەی کەسانی بریندار و ئاژەڵ، ئازاری زیندەوەران" بڵاو نەکرێنەوە، زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا ئەوانە بوون کە هەوڵیان دا دەستوەردان لە ئاگرەکەدا بکەن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەزموون و زانیارییان لەم بابەتەدا نییە، پێویستە خەڵک لەم بابەتەدا پەروەردە بکرێن، دەزانین ئەگەر ڕێوشوێن و دەستوەردانی پێویست بکرێن، ئەو کارەساتانە ئەوەندە گەورە نابن، کاتێک مرۆڤەکان سەیری لایەنی کۆمەڵایەتی، کەسی، ئابووری، ئیکۆلۆژی و تەندروستی دەکەن، بۆیان دەردەکەوێت کە گرنگە دیسیپلینە جیاوازەکانی شارەکە پێکەوە کاربکەن، بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەین و ئامادەین پشتگیری لە دامەزراوە حکومی و تایبەتییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەین.