چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوازیاری پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوان

چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیایان بۆ سەر ڕۆژئاوا کرد کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی مەدەنی.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد و ژێرخان و بیناسازی و دامەزراوە مەدەنییەکانی کردە ئامانج، ئەم هێرشانە جگە لە زیانی ماددی، دەیان کوژراو و برینداری لەنێو هاوڵاتی مەدەنیدا لێکەوتەوە.

 

سورەییا شەریفی، چالاکوانی مافی مرۆڤ، لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیاوە وتی: سێ فاکتەر هۆکاری بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان، ئەوانیش، یەکەم، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دووەم، شەڕی سەرتاسەری نێوان ئیسرائیل و غەززە و سێیەم، پێوەرەکانی مافی مرۆڤن، لەڕاستیدا پرسی کوردبوون هۆکاری ئەم هەموو دوژمنایەتی و ڕق و کینە نییە بەرامبەر بە خەڵک، بەڵکو پێکەوە ژیانی نەتەوە و ئایینگەلێکی جیاواز بەبێ هیچ کێشەیەک لە ڕۆژئاوای کوردستان، حکومەتی فاشیستی تورکیای تۆقاندووە، کە نمونەی یەکڕیزی لەنێو کوردەکانی ناوچەکەدا فراوانتر بکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی هەموو عاشقانی ئازادی و یەکسانی و تێکۆشەران لەم دۆخەدا بەرگری لە دەستکەوت و تێکۆشانی خەڵکی ڕۆژئاوا بکەن و مانگرتن و گردبوونەوە و ڕێپێوان و چالاکی بکەن، بۆ سەرکۆنە کردنی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

 

نەسرین شوکری، چالاکوانی مەدەنی دەڵێت: شەڕ لە هەموو کۆمەڵگە و نەتەوەیەکدا ڕوویەکی ڕەش و ڕقاوی هەیە، بەڵام کاتێک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەو گەلەدا نیشان نەدرێت، یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ بێت بەرامبەر بەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر ئەو گەلە دەکرێت، ئەوکاتە کوڕ و کچانی گەلەکە دەکوژرێن و شەڕێکی نایەکسان ڕوودەدات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردوومانی هێزی دەریایی و ئاسمانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و کوشتنی ژن و منداڵی فەلەستینی، جارێکی دیکە تیشکی خستە سەر پرسی "تاوانی جەنگ"، بەڵام لە کاتێکدا تورکیا سەرنجی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین دەدات و فرمێسک دەڕێژێت بۆ فەلەستین، خۆی لە لایەکی دیکەوە سەرقاڵی کوشتنی منداڵان و خەڵکی بێتاوانی ڕۆژئاوایە، لێدوانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان کە دەڵێت "جەنگیش ئەخلاقی خۆی هەیە" سەرنجی لەسەر ناوچەی ڕۆژئاوا چڕکردەوە، کە حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی دژ بە خەڵکی بێ بەرگری.