پزیشكێكی ژن گەشتی ژیانی پەرتوکێكدا چاپ دەكات

عەتیە حەمە سەعید، پزیشکی ژنان، دەڵێت: پێوستە ژنان واز لە ئارایشت و دەستكاریكردنی جەستەی خۆیان و هەندێك كولتووری كۆن بێنن.

شیا كۆیی

 

کۆیە- ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی دڵدار لە تەلاری پەرتوکخانەی گشتی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەران و ئەدیب و ڕووناکبیران ڕێوڕەسمێك بۆ ناساندنی هەردوو پەرتوکی "گەشتی ژیانم لە کۆیە تا لەندەن- رحلة حیاتی من كویە الی لندن"ی پزیشک عەتیە حەمە سەعید و "هەستی من و شاری كۆیە"ی کازم كۆیی بەڕێوەچوو.

 

عەتیە حەمە سەعید، پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون، لە ڕێوڕەسمەكەدا دەربارەی بەرهەمەکانی کە نووسیویەتی دەڵێت: کاتێك لە لەندەن گەڕامەوە كوردستان ویستم زۆر شت بكەم، بەداخەوە كە نەكرا، یەكێك لەو نووسینانەمدا كە باسی شاعیری گەورە حاجی قادری كۆیی بوو، دەڵێم حاجی قادر لە ترسی مەلاكان ڕۆشت بۆ ئەستەنبوڵ، بۆیە دەڵێم وەفاتان هەبێت بۆی و پەیكەرێكی بۆ دروست بكەن.

 

پزیشک عەتیە حەمە سەعید دەشڵێت: باوكم دەوڵەمەند بوو، سەرمایەیەكی زۆریان لە من خەرجكرد تا بگەم بەم ئاستە، باوکم هەمیشە پێی دەوتم ک ئەوە زۆرمان لێ خەرج كردی و بوویتە پزیشك و ئینجا نۆرەی تۆیە، منیش وتم، بابە مووچەکەم ٤٣ دینارە، باوکم لە وەڵمدا پێی وتم، "كچم من پارەم ناوێ، خەڵك هەژارە و با دوعامان بۆ بكەن"، بەڵام لەم سەردەمەدا ئەو بیركردنەوەیە كەم بووە، خەڵكێك هەیە نانی نییە بیخوات، بە منداڵەكەی دەڵێت بخوێنە تا ببیتە پزیشک بۆ كۆكردنەوەی پارە، بەم شێوەش تا ماوە نە خۆی فریا دەكەوێت و نە كۆمەڵگەش سوودی لێ وەردەگرێت.

 

عەتیە حەمە سەعید لە درێژەی قسەكانیدا بۆ نوژنها سەبارەت بە پەرتوکە تازەكەی دەڵێت: باسی ئەوەم كردووە كە لە ساڵی ١٩٥١ لە پۆلی یەكی سەرتایی بووم و چۆن خوێندنم كردووە و ئێواران هاتوومەتەوە و جارێك لەناو بەفر خەریك بوو ڕەقببمەوە، تا ئامۆزایەكی باوكم فریام كەوت و منی هێنایەوە، ئێمە زۆر زەحمەتیمان چەشت تا بووینە پزیشک و ئەوەشمان لەبیر نەچووەتەوە، بۆیە من بە ژنان دەڵێم واز ئارایشت و دەستكاریكردنی جەستەی خۆتان و هەندێك كولتووری كۆن بهێنن، پێویستە ژنی كورد بەهۆش خۆی بێتەوە و ئیش بكات، مەهێڵن چیتر ئەو جیاكارییە كۆن و دژ بە پێشكەوتنە كۆمەڵایەتییە بمێنێت.

 

عەتیە حەمە سەعید کێیە؟

عەتیە حەمە سەعید ساڵحی پزیشكێكی ناسراو و سەركەوتووی ژنانە و هاوكات نووسەرێكی لێهاتووە، تا ئێستا چەندین پەرتوکی بەچاپ گەیشتووە، لەوانەیش پەرتوکەکانی "هەستی تەندروستی" و "گەشتی ژیانم - رحلة حیاتی من كویە الی لندن" كە بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی. ئەو پزیشكە ناسراوە لە ساڵی ١٩٥٥ کاتێک تەمەنی ١١ ساڵان بووە لە كۆیەوە چووەتە بەغدا، ئەوكات باوكی بردوویەتی و لە بەغداش وەك قوتابییەكی نموونەیی وەرگیراوە ، لە ساڵی ١٩٧١دا بووەتە پزیشك و چووەتە بەریتانیا بۆ خویندن، لە كۆلیژی شاهانەی بەریتانیا لە بواری نەشتەرگەری و نەخۆشییەكانی ژنان و كۆرپەلە خوێندوویەتی، لە قۆناغێكی دیكەی ژیانیدا و لە ساڵانی ١٩٧٩- ١٩٩٢ گەڕاوەتەوە كوردستان كە ئەو بەساڵانی "رەش و كارەساتەكان" ناوی دەبات.

 

پزیشک عەتیە لە ساڵی ١٩٩٤دا دووبارە دەچێتەوە بۆ بەریتانیا و سعودیە و لە ٢٠٠٣دا بە یەكجاری دەگەڕێتەوە كوردستان، ئەو پزیشکە لە بەشێکی پەرتوکەکەدا باس لە قۆناغێكی دیكەی ژیانی دەکات، کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە کوردستاندا هەموو کاتەکانی بۆ خزمەتی خەڵک و ژنان بەسەربردووە و بووەتە ڕاوێژكاری تەندروستی لە ئەنجوومەنی وەزیراندا.