کۆچی دوایی لەناکاوی زیندانی سیاسی پێشوو سپیدە فەرحان

سپیدە فەرحان، چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی پێشوو بە هۆکارێکی نادیار گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، سپیدە فەرحان دواین جار لە ڕۆژی ٧ی حوزەیران لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بووە، دوای ئەوە کەس نەیبینیوە و وەڵامی پەیوەندییەکانی بنەماڵەکەی نەداوەتەوە، لە ٩ی حوزەیران تەرمەکەی لە ماڵە تایبەتەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە، لە گۆڕستانی بەهەشت سەکینە کەرەج بەخاک سپێردرا.

 

یەکێک لە هاوڕێکانی ڕایگەیاندووە "هێشتا هۆکاری مردنەکەی نادیارە و بنەماڵەکە چاوەڕێی دەرئەنجامی پشکنەری پزیشکی دەکەن، بەڵام کاتێک تەرمی سپیدە دۆزرایەوە، هیچ نیشانەیەکی خۆکوشتن لە جەستەیدا نەبووە، بەڵام خوێن لە لوت و دەمی ڕژابوو".

 

سپیدە فەرحان لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی تاران لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستبەسەر و پاش نزیکەی دوو مانگ بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی ئەڤین بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، دواتر بە بیانووی "تێکدانی نەزمی گشتی بە بەشداریکردن لە گردبوونەوە نایاساییەکان" و "پەیوەندی و هاوپەیمانی بە مەبەستی ئەنجامدانی دژ بە ئاسایشی وڵات" سزای ٦ ساڵ زیندانی و ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپێندرا.

 

دوای مانەوەی ساڵ و نیوێک لە زیندانەکانی ئەڤین و قەرچەک لە ڤارامین، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە مۆڵەتێکی پەیوەست بە ئازادییەکەیەوە بە تەواوی ئازاد کرا.

 

سپیدە فەرحان پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندبوو، "لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ڕاگەیاندن، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ ڕۆژانە ٩ حەبیان پێدەدام، دواتر کە لێکۆڵینەوەم کرد بۆم دەرکەوت کە حەبی دژە ئالوودەبوونە و بۆ ئەو کەسانەیە کە ئالوودەبوونێکی زۆریان بە مۆرفین هەیە.

 

جێی ئاماژەیە ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سیاسی دوای ماوەیەک لە ئازادبوونیان بە شێوەیەکی نهێنی گیانیان لەدەستداوە.