بە بیانووی نەپۆشینی حیجاب ڕێگە بە ژنان نادرێت بچنە تاقیکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری

لە تاقیکردنەوەی شۆفێریدا ژنان ڕووبەڕووی هۆشداریی پۆشینی حیجاب و ڕێگەنەدان بە شۆفێری دەبنەوە و بە وتەی شایەتحاڵانی چاودێر لە شارەکانی سنە، مەریوان و سەقز، ئەو ژنانەی بۆ پشکنینی شۆفێری چوون ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.

هیما ڕاد

 

سنە- ئەو ژنانەی دەچن بۆ تاقیکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری دەبێت لە فلتەری یاساکانی دژە ژندا تێبپەڕن، دەبێت حیجاب لەبەر بکەن و مانتۆی ئاسایی و کورت و جلی ڕەنگاوڕەنگ قبوڵ ناکرێت، هەروەها ئەوانەی حیجابیان لەبەردا نییە دەبێت چەندین کاتژمێر چاوەڕێ بکەن بۆ ئەوەی حیجابەکانیان بهێنن پاشان بەشداری تاقیکردنەوەکان بکەن.

 

یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە ناوی (پ.ن.) باسی لەوەکرد، کاتێک چوونەتە تاقیکردنەوە، بەڵگەنامەکانیان لێوەرگرتوون، بەڵام لە هۆڵی تاقیکردنەوە ڕێگرییان لێکردوون، چونکە حیجابەکانیان بەدڵ نەبووە، دەشڵێت: هەرچەندە هەموو ژنەکان مانتۆ و لەچکیان لەبەردابوو، بەڵام بە بێ ڕێزییەوە نەیانهێشت بچینە ژوورەوە و دەیانگوت حیجابەکەت شیاو نییە، یان دەبوو داوا بکەین حیجابمان بۆ بهێنن، یان دەبوو بگەڕێینەوە و بەشداری نەکەین، ئەوەی جێگای سەرنجە، تەنانەت بە ڕەنگی جلوبەرگەکانیش هەستیارن، هەروەها ئەو ژنانەی کە پۆشاکی درێژ بەڵام ڕەنگاوڕەنگیان لەبەردابوو، دەبوو حیجابی ڕەش لەبەر بکەن، زۆربەی ژنان لە ماڵەوە حیجابیان نەکردووە و نامۆن پێی، ئێستاش چۆن دەتوانن حیجابێک هەڵبژێرن!، هەرچەندە لە کاتژمێرەکانی یەکەمی تاقیکردنەوەکەدا هاتبووین، بەڵام زۆرێکمان ناچار بوو زوو بگەڕێینەوە چونکە هەندێک لە ئێمە کارمان هەبوو، یان دایک بوون و کاتێکی زۆریان نەبوو.

 

پ. ن. باس لەوە دەکات کە دیوارەکانی ئەوێ پڕ بووە لە هۆشداری سەبارەت بە حیجابی ژنان، ئەوەش هەستێکی وەهای بەخشی کە دەچنە شەڕ و نەک بۆ تاقیکردنەوەیەکی سادە، لە کاتێکدا پیاوان زۆر ئارام بوون و بە تیشێرت و جلوبەرگی فێنکەوە دەهاتن، وتیشی: جگە لە حیجاب کە خۆیان گوتیان یاسایە و ئێمەش بیانوو و بریکارین، دەکرا زۆر بە ئەدەبتر ڕەفتار بکەن، بەڵام گاڵتەیان بە ژنان دەکرد لەو کاتەوە کە ڕێگەیان پێنەدرا بچنە تاقیکردنەوە، دوای چاوەڕوانی کاتژمێرێک زیاتر، ناچار بوون ڕێگەمان بدەن بەشداری تاقیکردنەوەکە ببین، لەناو هۆڵەکەشدا ئەفسەرەکان بە هەمان تێڕوانین گاڵتەیان بە ژنانە دەکرد کە ژنان داماون، بۆ نموونە دەیانگوت با بزانین چۆن شۆفێری دەکەن، یان ئەو ژنانەی چەند جارێک لە تاقیکردنەوەکە شکستیان هێنا لەناو قەرەباڵغیدا پێیان پێدەکەنین.

 

پ. ن. دەڵێت: سەرم سوڕ نەمابوو لە هەڵسوکەوتی ئەفسەرانی هاتووچۆ بەرامبەر بە ژنان، چونکە لە شوێنەکانی تر دۆخەکە بەم شێوەیەیە وەک ئەوەی ژنانی تر ڕاهاتوون و بەداخەوە کەمتر ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەڵام دڵنیام لە دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ئەم یاسایانە ڕەقتر بوون و بەنیازن زیاتر ژنان بخەنە ژێر فشارەوە

 

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی گەیشتوونەتە دەستمان، بارودۆخەکە نەک تەنها لە شاری سنە بەڵکو لە زۆرێک لە شارەکانی دیکەی وەک سەقز و مەریوان هاوشێوەیە و ژنان ڕووبەڕووی ئاگادارکردنەوەی حیجاب و ڕێگەنەدان بە چوونە ژوورەوە بۆ تاقیکردنەوە دەبنەوە، بە وتەی شایەتحاڵان، تەنانەت ئەو پیاوانەی کە ئامادەبوون و یاوەری ژنانیش بوون، گلەیییان لەم دۆخە کردووە، یەکێک لەو شایەتحاڵانە دەڵێت: ئەوەندە هەستم بە ناخۆشی کرد کە ویستم تاقیکردنەوەکە نەکەم، بەڵام لەگەڵ پێداگری براکەم کە لەگەڵم بوو، ڕازی بووم.