Save You ئەپڵیکەیشنێک بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی

ئەپڵیکەیشنی Save You پڕۆژەیەکی هاوبەشە و لە ڕێگەی بەرنامەکەوە کار دەکات بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی و وەرگرتنی هۆشیاری لەسەر ماف و تەندروستی و شارەزایی ژیان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەپڵیکەیشنی سەیف یو - Save You پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان-ە و لە هەرێمی کوردستان و عێراقە، کە یارمەتی ژنان دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و پلاتفۆڕمێک دابین دەکات، کە ڕزگاربووان دەتوانن ئامۆژگاری دەربارەی خزمەتگوزارییەکان لەسەر توندوتیژی جێندەریی وەربگرن.

 

ئەپڵیکەیشنەکە ئەو ژنانەی مەترسی توندوتیژی و گێچەڵکردنیان لەسەرە، پێکەوە لەگەڵ کەسانی شارەزا دەبەستێتەوە و دەتوانن پشتگیری ڕزگاربووانی توندوتیژی جێندەری بکەن، هەروەها زانیاری دەربارەی مافەکانیان، تەندروستی و شارەزایی ژیان دابین دەکات.

 

لە بەرنامەکەدا دوگمەی یارمەتی هەیە، کە لە کاتی مەترسیدا بۆ ماوەی سێ چرکە پەنجەی پێدا دەنرێت، شوێنی بەکارهێنەر دەنێرێت بۆ پۆلیسی ڕاهێنراو و هەروەها ئەو کەسانەی کە بەکارهێنەر متمانەی پێیەتی و دەستبەجێ داوای یارمەتی بکرێت، ئەو خزمەتەگوزارییە بێ بەرامبەرە و هەموو ئەو زانیاریانەی لە ڕێگەی بەرنامەکەوە وەردەگیرێت بە نهێنی دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی تایبەتمەندی بەکارهێنەران.

 

ئەپڵیکەیشنەکە لە عێراق و کەمبۆدیا و ئەمریکا بەردەستە و وابڕیارە لە تەواوی وڵاتانی جیهان دەستەبەر بکرێت و بخرێتە کار، هەروەها لە ئێستادا زمانی کوردی بە شێوەزاری سۆرانی تێدا جێگیرکراوە.