خۆبەڕێوەبەری شەنگال و پادێ کاندیدانی خۆیان ناساند

خۆبەڕێوەبەری شەنگال و پادێ بە ناوی هاوپەیمانی "یەکێتی گەلانی نەینەوا" بە چوار کاندید بەشداری له هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ دەکەن و داوا لە گەلی شەنگال کرا بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

شەنگال

 

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ئەنجام دەدرێت، خۆبەڕێوەبەری شەنگال و پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزیدییەکان "پادێ" لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان "یەنەکە" و پارتی ڕەفحە لە موسڵ بە ناوی هاوپەیمانی "یەکێتی گەلانی نەینەوا" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن و چوار کاندیدیان بۆ ئەم لیستە تۆمارکردووە.

 

بە پیشەنگایەتی پادێ ئاهەنگێکی بەکۆمەڵ بەڕێوەچوو بۆ ناساندنی کاندیدەکان لە ناوچەی سنونێ و کاندیدەکانی پادێ ئازاد عەبدال، قاسم کەشکۆ، دەخیل سیدۆ و فەلال دلەمی ئامادەی ئاهەنگەکە بوون و پەیامی خۆیان گەیاندە ئێزیدی و کۆمەڵگەی عەرەبی شەنگال، داوایان لە تەواوی کۆمەڵگەی ئێزدی و عەرەبی شەنگال کرد کە لە ١٨ی کانوونی یەکەم بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی دەنگ بە نوێنەرەکانیان بدەن.

 

"ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکە بۆ ئێمە و پێویستە"

بەرنامەی ئاهەنگەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکردو دواتر هادی مەهلۆ، ئەندامی نووسینگەی سیاسی پادێ قسەی کرد و وتی: ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکە بۆ ئێمە و نابێت لەدەستی بدەین، کاندیدە پاڵێوراوەکانمان لە کاتی فەرمانەکەوە خەباتی زۆریان لە بەردەم گەلەکەمان کردووە، باوەڕمان وایە کاندیدەکانمان نوێنەرایەتی گەلەکەمان دەکەن بە شێوەیەکی دروست لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، کاندیدەکانمان دەبنە دەنگی خۆبەڕێوەبەری و کار بۆ مسۆگەرکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال دەکەن، ئێستا دوژمن هەوڵی لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەدات، بۆیە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا، پێویستە گەلەکەمان دەنگی خۆی بەکاربهێنێت.

 

"لە ڕۆژی دەنگدان نابێت فەرمانەکە لەبیر بکەن"

ڕیهام حجۆ، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و وتی: لە شەڕدا بەرخۆدانمان کرد و لە هەر گولـلەیەک کە فڕێمان دا، ئازادی شەنگالمان بەدەستهێنا، ١٣ی تشرینی دووەم، ڕۆژی ئازادکردنی شەنگالە، دەبێت ئێستا خۆمان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ڕزگار بکەین، پێویستە بزانین چۆن دەنگ بدەین، با کەس نەتوانێت دەنگمان ببات، بۆیە پێویستە هەموو کێشە خێزانی و خێڵەکییەکانمان بەجێبهێڵین و دەنگی خۆمان بۆ هەر چوار هاوڕێکەمان بەکاربهێنین.

 

"ئەمڕۆ نوێنەرایەتی شەهیدەکان دەکەین"

ڕیهام حجۆ ئاماژەی بەوەکرد، سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا هێز و ئیرادەیان دیاری دەکات و وتی: یاری دوژمن باش دەزانین و هەموومان نوێنەرایەتی شەهیدان دەکەین و دەبێت بەکارهێنانی دەنگمان بەو شێوەیە بێت، هەموو کەسێک بەرپرسیارە لەو هەڵبژاردنانە، نابێت بچینە ناو یاری دوژمن. پێویستە بڕۆین بۆ دەنگدان بۆ ئەوەی دەنگمان وەک گولـلە بەکاربهێنین و بیخەینە دڵی دوژمنەوە، دوژمن لە ڕەگەوە لەناودەبەین، نابێت ڕێگە بە هیچ کەسێک بدەین سیاسەت بکات سەبارەت بە کاری شەهیدان.

 

"بە تێکۆشان سەرکەوتن بەدەست دەهێنین"

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕیهام حجۆ تیشکی خستە سەر یارییەکانی پەدەکەو ڕایگەیاند، هەموو پلانەکانی دوژمن بە تێکۆشان هەڵدەوەشێننەوە و وتی: ئەو حزبەی خیانەتی لە ئێزیدییەکان کرد دەیەوێت دەنگی پێبدەن، دەڵێین دەنگی ئێزدییەکان بۆ ئەوان حەڵاڵ نییە، ئێزیدییە بە شەرەفەکان دەنگ بەوان نادەن، پێویستە دەست بخەینە سەر ویژدانمان و دەنگی خۆمان بەکاربهێنین، وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی هەمیشە هەوڵمان داوە پلانەکانی دوژمن پووچەڵ بکەین و تێبکۆشین.

 

"دەنگی ئێوە متمانەیە"

دوای پەیامەکانی دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری، چوار کاندیدەکە ئازاد عەبدال، قاسم کەشکۆ، دەخیل سیدۆ و فەلاح دلەمی خۆیان بە گەل ناساند و سوپاسی گەل و خۆبەڕێوەبەرییان کرد بۆ متمانەیان و وتیان: دەنگی ئێوە متمانەیە.

 

"٤ کاندیدەکە لە شەنگال خاوەنی کاری گەورەن"

نورێ شەنگالی، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی خانەسۆر وتی: ئەمڕۆ ئاهەنگگێڕانێکە بۆ کاندیدەکان، هەر چوار کاندیدەکەمان ئەو کەسانەن کە خاوەنی گەورەن لە شەنگال، ئەوانەی دوای فەرمانەکە لە شەنگال ماونەتەوە و لێرە کاریان کردووە سەرکەوتوو دەبن بانگەوازیمان ئەوەیە کە هەموو کۆمەڵگەی ئێزیدی یەکبگرن و دەنگ بە هەر چوار کاندیدەکەمان بدەن بۆ ئەوەی داهاتووی شەنگال بە سەرکەوتن مسۆگەر بکەن، ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین شەنگال لە جاران باشتر بووە، شەنگال سەرکەوتوو دەبێت و جارێکی دیکە لە دەستی دوژمندا نابێت.

 

"دەنگ بدەن بە کاندیدی خۆتان"

حەنان خانەسۆر، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی خانەسۆر، داوای لە کۆمەڵگەی ئێزدی کرد کە دەنگ بە داهاتوویەکی شکۆمەندانە بدەن بۆ ئەو چوار کاندیدەی کە کاندیدکراون و وتی: دەمانەوێت دەنگ بە خۆمان بدەین بۆ ئەوەی بتوانین شتێک بۆ شەنگال و ئێزدییەکان بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەموو پێداویستییەکانی کۆمەڵگاکەمان دابین بکەین، باش دەزانین کێ خیانەتی کردووە و کێ هات بۆ یارمەتیدانمان، ئەمڕۆ هێزمان هەیە، پێویسته هەموو ئێزدییەکان دەنگ به هەر چوار کاندیدەکەیان بدەن، بۆ ئەوەی وەک ئێزیدییەکان کارێکی مەزن بکەین بۆ داهاتوومان، وەک گەنجانی شەنگال ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی فەرمانەکە دووبارە نەبێتەوە.