کەشێکی توندی ئەمنی لە زاهیدان دروستکراوە و پشکنین بۆ ژنان دەکرێت
بوونی بەرفراوانی هێزی سەربازی لە دەوروبەری مەسلە و مزگەوتی مەکی کەشێکی ئەمنی بەهێزی لە زاهیدان دروستکردووە و تەنانەت هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیش لە لایەن ژنە بریکارەکانیانەوە، پشکنین بۆ ژنانی بەلووچ دەکەن.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ لە کاتی نوێژی هەینی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان ڕژانە شەقام و ڕێڕەوەکانی دەوروبەری مزگەوتی مەسلە و مەکییان لە زاهیدان تەنی بوو، دۆخی ئەمنی شارەکە چڕتر کرابووەوە و گەڕان و پشکنین بۆ هاوڵاتیان ئەنجام دەدرا، هەواڵە پەیوەندیدارەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژنانی بەلووچ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، کە ژنن، پشکنینی جەستەیان بۆ کراوە.
هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە شەقامەکانی خەیام، چوارڕیانی بەهداشت، تەوحید، مەدانی، خوڕەمشار، ڕازی و مودەریس خاڵی پشکنینیان دامەزراندووە و لە کوچە و کۆڵانەکانی دەوروبەری مەسلە و مزگەوتی مەکی چادریان داناوە، جگە لەوەش چەند وێنەیەک بڵاوکراونەتەوە، کە لە قوتابخانەکاندا بنکەی سەربازی دانراون و دەیان هێزی سەربازی لە قوتابخانەی دانش کە دەکەوێتە شەقامی بەهداشتی زاهیدان، لە دەوروبەری مزگەوتی مەکی جێگیرکراون.